​ئەو ئەندامەی مەڵبەندی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی پێشتر پلانێکی چوار خاڵییان بۆ کۆتاییهێنان بە دەوڵەتی ئێران ئامادە کردبوو، بەڵام ئەنجامەکان بە پێچەوانەی ویستی ئەوان شکایەوە.

ئەو ڕوونی کردەوە کە ئێستا هەستی "تووڕەبوون و هێزی ئێران" وای کردووە کە ئەمریکا لە گۆشەیەکدا قەتیس بمێنێت و نەتوانێت هیچ فشارێکی تر بسەپێنێت کە ئێران ناچار بە پاشەکشە بکات.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، ناوبراو تیشکی خستە سەر پێگەو هەژموونی سەربازیی ئێران و وتی: "ئێران لە ئێستادا لە پێگەیەکدایە کە دەتوانێت بە ئاشکرا تەحەددیی ئەمریکا بکات، بەتایبەت لە ناوچە ستراتیژییەکانی وەک گەرووی هورمز. فشارەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە ئەمریکاییەکان تێگەیشتوون ناتوانن هیچ تەنازولێک بە ئێرانییەکان بکەن، مەگەر تەنها لە ڕێگەی دانوستانەوە نەبێت، کە هیوادارین ئەو دانوستانانەش تەنها لە بەرژەوەندیی گەلی ئێراندا بێت."

لە بەشێکی تری گفتوگۆکەیدا  نەجمەدین عومەر بە توندی ڕەخنەی لە پرۆژە "نامرۆڤانە و دوژمنکارانەکانی" ئەمریکا و ئیسرائیل گرت لە ناوچەکەدا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی لە عێراق، سووریا و لوبنان ڕوودەدات، جێگەی پەنجەی تێکدەرانەی ئەو دوو وڵاتەی پێوە دیارە.

وتیشی: "ئەو زۆڵمەی بەرامبەر گەلانی ناوچەکە دەکرێت، بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورە کە دەیەوێت سەربەخۆیی دەوڵەتەکان تێکبدات، بەڵام خۆڕاگریی بەرەی بەرگری ڕێگرە لەو پیلانانە."

​لە کۆتایی گفتوگۆکەدا مامۆستا نەجمەدین عومەر جەختی لەوە کردەوە کە ئێران وەک هێزێکی کاریگەر توانیویەتی هاوسەنگییەکان بگۆڕێت و چیتر ئەمریکا ناتوانێت بەو شێوازە کۆنە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکانی ناوچەکەدا بکات، چونکە ئێستا ڕووبەڕووی "تەحەددییەک" بووەتەوە کە تێپەڕاندنی مەحاڵە.