لە دەستپێکی قسەکانیدا، ئیقباڵ غەفار ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو کوژراو و قوربانییەکانی ئەم شەڕە بە ڕۆڵەو کەسوکاری خۆی دەزانێت و وتی: "شەڕ هیچ نییە جگە لە ماڵوێرانی، لای من هیچ کەس لە شەڕدا براوە نییە." ئەو ڕەخنەی لەو لایەنە سیاسی و دیپلۆماسییانە گرت کە کەمتەرخەمن لە ڕاگرتنی خوێنڕشتن و داوای کرد هەوڵی جدی بۆ صلح و ئاشتی بدرێت.
سەرۆکی ڕێکخراوی سەروەری هەڵەبجە، بە توندی بەرپەرچی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە دەخرێنە پاڵ کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی. ناوبراو وتی: "تۆمەتبارکردنی ئێران لە پرسی گەرووی هورمزدا هیچ مانایەکی نییە، چونکە لە ڕاستیدا نە بازرگانی ڕاگیراوە و نە ڕێگری لە کەس کراوە، بەڵکو ئێران وەک پاسەوانێکی ئەمنی ناوچەکە کار دەکات، ئەو بیانوانەی دەهێنرێنەوە تەنها بۆ مەبەستی تر و لێدان لە سەقامگیرییە."
ئیقباڵ غەفار تیشکی خستە سەر ئەوەی کە زۆرجار خەڵک قەدری ئازادی و ئەو دەرفەتانە نازانن کە بەخۆڕایی (فری) بۆیان دەڕەخسێت، تەنها کاتێک قەدری دەزانن کە لەدەستی دەدەن. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە نەیاران دەیانویست لە ڕێگەی ئەم شەڕەوە ئێران و ناوچەکە وێران بکەن، بەڵام وتی: "ئەم شەڕە وەک تاقیکردنەوەیەک وا بوو، هیچ ئەنجامێکی بۆ دوژمنان نەبوو. ئەوە میهرەبانی خوای گەورە بوو کە ئارامی بۆ گەلەکانی ناوچەکەمان گەڕاندەوە و ئەو دەستەی دەیویست وێرانی بنێتەوە، خودا ڕیسوای کرد."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ جام کوردی، ئیقباڵ غەفار دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەمووان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێز لە سەروەری وڵاتان بگرن.
وتیشی: هێزە ئابووری و ئەمنییەکان دەبێت لە خزمەت گەڕانەوەی ئاشتی بن، نەک بۆ بەرژەوەندی حیزبی و سیاسی کە تەنها وێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.