عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، پیتاندن بۆ مەبەستی ئاشتیانە لە بوارەکانی کارەبا و دەرمان و کشتوکاڵدا مافێکی حاشا هەڵنەگرە، بۆیە دەستبەرداری نابین و ئەم بابەتە هێڵی سووری دیاریکراوی ئێرانە و تاران هیچ جۆرە دانوستانێک لەو بارەیەوە قبوڵ ناکات.

سەبارەت بە گەرووی هورمز بە ئاماژەدان بە گرنگی ستراتیژیی گەرووی هورمز، نیکزاد وتی: ئەم ڕێڕەوە یەکێکە لە گرنگترین خوێنبەرەکانی وزە لە جیهاندا و بەشێکی بەرچاو لە نەوتی جیهان بەم ڕێگایەدا تێدەپەڕێت، هەر هەڕەشەیەک یان هەوڵێک بۆ گەمارۆدانی ئێران وەڵامێکی توند و پەشیمانکەرەوەی دەبێت و دوژمنان دەبێ بزانن کە ئاسایشی ناوچەکە بەبێ ڕۆڵی ئێران بێ مانایە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان باسی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، ئێران بە هێزەوە لە پشت گەلانی ستەملێکراو و هێزەکانی خۆڕاگری خۆی دەوەستێت. گوتیشی، "پشتیوانییەکانیان بۆ لایەنە هاوپەیمانەکانیان لە وڵاتانی لوبنان و یەمەن و عێراق و سوریا بەردەوام دەبێت و ڕێگە نادەن دوژمنان بگەنە ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا.