سەرلەشکر عەلی عەبدوڵڵایی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی حەزرەتی خاتم‌الانبیا ڕایگەیاند، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە "گەمارۆی دەریایی نایاسایی" و دروستکردنی نا ئەمنی بۆ نەوتهەڵگرەکانی ئێران، تاران ئەمە وەک سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە ئاگربەست دەبینێت.

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران هەڕەشەی پەکخستنی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی کرد و وتی: "هێزە چەکدارەکانمان ڕێگە نادەن هیچ جۆرە هەناردە و هاوردەیەک لە کەنداوی عەرەبی، دەریای عومان و دەریای سوور بەردەوام بێت، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئێران بخرێتە مەترسییەوە." جەختیشی کردەوە کە بە هێزەوە بەرگری لە سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەکەیان دەکەن.

ئەم لێدوانە توندانەی تاران لە کاتێکدایە، کە تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بە جێگیریی ئاگربەست و ئامادەکاری بۆ گەڕی نوێی دانوستانەکان کردبوو. بەڵام هەڵوێستە نوێیەکەی سوپای ئێران نیشانی دەدات کە دۆخی گەرووی هورمز و گەمارۆ دەریاییەکان هێشتا وەک "تەقەمەنییەک" وان و هەر ساتێک ئەگەری تەقینەوە و دەستپێکردنەوەی شەڕیان لێدەکرێت.

تاران بەم پەیامە دەیەوێت فشارەکانی سەر مێزی دانوستان زیاد بکات و واشنتن ناچار بکات پێداچوونەوە بە بڕیاری گەمارۆدانی بەندەرەکان و ڕێگری لە کەشتییە ئێرانییەکاندا بکاتەوە