بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بۆئاز بیسموت سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند: پێویستە سوریا بە تەواوی ملکەچی ئیسرائیل بێت، هاوشێوەی ئەردەن، بە بێ دەسەڵاتی سەربازی، چونکە سوریا پردی ئێمەیە بۆ ناوچەی فۆرات لە عێراق.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، ڕۆژنامەی هائارێتس بە ئاماژە بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سوریا، ڕایگەیاندووە کە  ئەو وڵاتە لە لێواری ئاژاوەگێڕیی تەواودایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە عەلەوییەکان بوونەتە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە و لە هەمان کاتدا، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سوریا، ئەحمەد شەرع، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر دەبێتەوە لە کۆنترۆڵکردنی میلیشیا چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ سوریا.

ئەو ڕۆژنامە زایۆنیستییە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لە گەڵ ئەم تەحەددایانەدا نەکرێت، ڕەنگە سوریا بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی نوێ وەک شەڕی ناوخۆیی ڕابردووی عێراق هەنگاو بنێت.

هەروەها ڕۆژنامەی زایۆنیستیی مەعاریڤ ڕایگەیاندووە کە پێشهاتەکانی ئەم دواییە پیشان دەدەن کە کەمینەی عەلەوییەکان بە سەختترین قۆناغی مێژووی هاوچەرخی خۆیاندا بە دوای لەدەستدانی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی سیاسی و سەربازیدا تێدەپەڕن و ستەمکاریی ئێستای بەرامبەریان، قۆناغی هەژموونی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ساڵانی پێشوودا وەبیردێنێتەوە.

ڕۆژنامە زایۆنیستەکە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بە خێرایی دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت، ئەمە دەبێتە هۆی پچڕانی زیاتر لە سوریا و تۆڵەسەندنەوەی نوێ، بەمەش ئاژاوە قووڵتر دەبێتەوە.

ئەم ئاژاوەگێڕییە مەرج نییە داڕێژەرانی سیاسەت لە تەلئەبیب نیگەران بکات، بە تایبەت کە بەرپرسانی زایۆنیست پێیان وایە ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە سوریا ڕەنگە خزمەت بە پڕۆژەکەیان بکات. ئەم پڕۆژەیە لە سەر بنەمای پارچەپارچەکردنی سوریا و گۆڕینی بۆ پارچەی بچووک و جیاکراوە، تەنانەت بە تێچووی شەڕێکی ناوخۆ لەو وڵاتەدا، داڕێژراوە، بەو پێیەش ڕژێمی زایۆنیستی یەکێک لەو بەشانە لە باشوری سوریا کۆنتڕۆڵ دەکات./.