بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەیەکی هەماهەنگی دەریایی لە نێوان بەندەری خورەمشاری ئێران و کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی عێراق بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاسانکاریی هاتووچۆی زیارەتکاران بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەدا هەر دوو وڵات جەختیان لە سەر خستنەگەڕی هێڵی دەریایی نێوان خوڕەمشار و بەسرە کردەوە و ئامادەیی تەواویان بۆ دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە هەفتەی داهاتوودا ڕاگەیاند.

عەلی عەسکەری، بەڕێوەبەری گشتیی بەندەر و کاروباری دەریایی خوڕەمشار، سەلامەتی گەشت و پاراستنی گیانی سەرنشینانی بە ئەولەویەتی سەرەکی زانی و ڕایگەیاند کە ئامادەن ئەرکی دەریایی هاوبەش لە گەڵ لایەنی عێراقی ئەنجام بدەن بۆ زیادکردنی سەلامەتی سەفەرکردن.

فەرەق عەبدولسەلام غالب، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی عێراقیش ئاماژەی بە پەیوەندییە قووڵەکانی نێوان هەردوو وڵات دا و وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران برا و دۆست و دراوسێمانە. پەیوەندی سیاسی، کەلتوری، ئابوری و کۆمەڵایەتی نێوان هەردوو وڵات ڕێگا بۆ هاوکاریی فراوانتر خۆش دەکات.

ئەم ڕێگا دەریاییە نوێیە نەک هەر یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بەڵکوو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی باجی دەریایی و ئاسانکاری بۆ گەشتی زیارەتکارانیش./.