بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ ئەحمەد بن حەمد ئەلخەلیلی، موفتی گەورەی عومان لە بەیاننامەیەکدا پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەندێک وڵات و ڕژێمی زایۆنیستیی شەرمەزار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کارە پێچەوانەی لۆژیک و ئەخلاق و بنەما ئیسلامییەکانە.
ناوبراو سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی کە هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی بەرەو ئاساییکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەنگاو دەنێن، هەرچەندە خۆیان دان بە داکشان و لەناوچوونی ئەم ڕژێمەدا دەنێن و وتی: پەلە و خواستی هەندێک وڵات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ دوژمنی زایۆنیستی، لە حاڵێکدا کە دەزانن ئەم ڕژێمە لاوازە و بەرەو لەناوچوون دەڕوات، جێگای سەرسوڕمانە.
ئەلخەلیلی وێڕای ئاماژەدان بە سرووشتی تاوانکاریی ڕژێمی داگیرکەر، ڕایگەیاند: ئاساییبوون لە گەڵ ڕژێمێکی دڕندە، ڕێککەوتنێکە لە گەڵ ڕەوتی ستەمکاری جیهانی کە لە خوێنی منداڵ و ژن و بەساڵاچووان دەخوات و ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە و لە ڕاستیدا پاداشتێکە کە دەدرێت بە دوژمنێک کە خوێنی برا ئایینی و مرۆییەکانمانی ڕشتووە.
موفتی گەورەی عومان لە کۆتاییدا وتی: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان تەنیا چاوپۆشیکردن نییە لە مافەکانی گەلی فەلەستین، بەڵکوو پاشەکشەی ئەخلاقییە کە ڕووی ڕاستەقینەی ئاساییکەرەوەکان بۆ مێژوو و ئوممەی ئیسلامی ئاشکرا دەکات./.