وەزارەتی پەروەردە ڕێنماییە نوێکانی تایبەت بە تاقیکردنەوە وزارییەکانی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە کە بردنە ژوورەوەی مۆبایل، کاتژمێر و هەر جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بۆ ناو هۆڵی تاقیکردنەوە بە تەواوی قەدەغەیە. ئەم بڕیارە تەنها قوتابیان ناگرێتەوە، بەڵکو سەرپەرشتیار و چاودێرەکانیش دەگرێتەوە و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە دەبێتەوە.بەپێی ڕێنماییەکان، قوتابیان پێویستە لە کۆتایی تاقیکردنەوەدا پرسیار و پەڕەی وەڵام پێکەوە ڕادەستی چاودێرەکان بکەن. هەر قوتابییەک پەڕەی پرسیارەکەی نەگەڕێنێتەوە، نمرەی ئەو بابەتەی بۆ تۆمار ناکرێت.هەروەها وێنەگرتن لە پرسیارەکان و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی قەدەغە کراوە و ئەم قەدەغەیە مامۆستایان و سەرپەرشتیارانیش دەگرێتەوە. بۆ ئەمەش میکانیزمێکی تایبەت دانراوە بۆ ناسینەوەی سەرچاوەی هەر وێنەیەک و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی هەنگاوی یاسایی دەبنەوە.
لە پێناو دابینکردنی کەشێکی ئارام و گونجاو بۆ تاقیکردنەوەکان، ڕووماڵکردنی ناو هۆڵەکان لەلایەن هیچ دەزگایەک ڕێگەپێدراو نییە و هەموو زانیاری و ئامارە فەرمییەکان تەنها لە ڕێگەی لایەنی پەیوەندیدار بڵاودەکرێنەوە.تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی نۆی بنەڕەتی لە نیوەی مانگی حوزەیران دەستپێدەکات، هەروەها تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانستی، وێژەیی و پیشەیی بە خولی یەکەم دەستپێدەکەن و تا سەرەتای تەممووز بەردەوام دەبن، لە کاتێکدا خولی دووەمیان بۆ مانگی ئاب دیاریکراوە.