جام کوردی ـ پارێزگاری کرماشان لە داهاتوویەکی نزیکدا کردنەوەی مەرزی تیلەکۆی ڕاگەیاند و بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ئاسانکاری بۆ بازرگانی سنوورییەکان وتی: داخستنی سنوورەکانی هەناردە و هاوردەکردن هیچ مانایەکی نییە و پێویستە کاتی دەوامی سنوورەکان بەگوێرەی پێداویستییە بازرگانییەکان زیاد بکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنووچێهر حەبیبی، لە کۆبوونەوەی گرووپی پەرەپێدانی هەناردەکردنی پارێزگای کرماشان، بە ئاماژەدان بە بارودۆخی ئابووری وڵات، گەشەی بازرگانی و پاڵپشتیکردن لە بەرهەمهێنانی بە گرینگترین ئەولەویەتەکانی ئەو پارێزگایە زانی و ڕایگەیاند: کرماشان بە زۆرترین سنووری هاوبەش و مێژووی دوور و درێژی بازرگانی لەگەڵ عێراق و چالاکانی ئابووریی بەتوانا، توانای ئەوەی هەیە ببێتە یەکێک لە ناوەندە بازرگانییەکانی وڵات.
ناوبراو عێراقی وەک گرنگترین هاوبەشی بازرگانی پارێزگاکە ناساند و دەشڵێت: پێویستە زیاتر لە پێشوو سوودمەندبین لە بازاڕی 40 ملیۆن کەسی عێراق، جگە لە پەرەپێدانی هەناردەکردن، پێویستە گرنگییەکی تایبەت بە پرسی هاوردەکردنی کاڵای پێویستی کەرتی بەرهەمهێنانیش بدرێت.
پارێزگاری کرماشان هەروەها جەختی لە زیادکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ عێراق و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانییەکان بە تەوەری کەرتی تایبەت و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم چالاکانی ئابووری کردەوە.
حەبیبی بە ئاماژەدان بە، بەدواداچوونەکان بۆ دەستپێکردنی کاری سنووری تیلەکۆ وتی: ژێرخان و کەرەستەی پێویست بۆ ئەم بازاڕە سنوورییە دابین دەکرێت و هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا شاهیدی دەستپێکردنی چلاکی فەرمی ئەم سنوورییە بین.
ناوبراو هەروەها داوای هەماهەنگی زیاتر لە نێوان دەزگا سنوورییەکان و دوورکەوتنەوە لە بڕیاری تاکەکەسی و خێراکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە بازرگانەکان دەکات.
تیلەکۆ دەگەڕێتەوە بۆ سووڕی بازرگانی؛ پارێزگار: نابی سنوورەکان دابخرێن
11 کاتژمێر لەمەوبەر