جام کوردی ـــ بەڕێوبەری گشتی میراتی فەرهەنگی، گەشتوگوزار و پیشەی دەستی پارێزگای کرماشان پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی خوشکایەتی لە نێوان کرماشان و سلێمانی لە عێراقدا ڕاگەیاند و وتی: ئامانجی ئەم پلانە پەرەپێدانی هاوکاری فەرهەنگی، ئابووری، بازرگانی و گەشتیارییە لە نێوان هەردوو شارەکەدا.

کیومەرس ئەعزەمی بە ئاماژە بە مێژووی وروژاندنی ئەم بابەتە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕایگەیاند: بە سەرنجدان بە لێکچوونی کولتووری، زمانەوانی و نەتەوەییەکانی نێوان خەڵکی کرماشان و سلێمانی، بنەمایەکی باش هەیە بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی بەرفراوانتر لە نێوان ئەو دوو شارەدا، بەرپرسانی پارێزگاکانیش لە هەوڵی کۆتایی هێنان بەم بابەتەن لە سەردانەکەی داهاتووی پارێزگاری سلێمانی بۆ شاری کرماشان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: ئەنجامدانی ڕێککەوتنی خوشکایەتی دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ هاوکاری هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانە ڕۆشنبیری، گەشتیاری، بازرگانی، وەرزش و وەبەرهێنان، هاوکات یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەردوو دیوی سنوورەکەدا.

بەڕێوەبەری گشتی میراتی فەرهەنگیی کرماشان بە ئاماژەدان بە توانا هاوبەشەکانی ئەو دوو شارە، وتی: کرماشان وەک شارێکی داهێنەرانەی خۆراک و سلێمانی وەک شارێکی داهێنەرانەی ئەدەب، توانای جێبەجێکردنی بەرنامەی هاوبەشی فەرهەنگی و هونەرییان هەیە کە دەتوانێ ببێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندیی خەڵکی و کەلتووری.

ئەعزەمی هەروەها هەواڵی لە پێکهێنانی لیژنە تایبەتمەندەکانی بە مەبەستی سەردانی پارێزگاری سلێمانی بۆ کرماشان دا و زیادی کرد: "لێژنەی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار جگە لە بەدواداچوونی بۆ پرسی خوشکایەتی، چەندین بەرنامە و بڕیارنامەی هاوبەشی لە ئەجیندای خۆیدا هەیە، لەوانە ئەنجامدانی پێشانگای پیشەسازی دەستی و پەرەپێدانی هاوکاری گەشتیاری".