بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان لە وتووێژی لە گەڵ " تاکەر کارێلسۆن " پەیامنێری ئەمریکی، وتی: ئێمە دەستپێکەری هیچ شەڕێک نەبووین و نامانەوێت هیچ شەڕێک درێژەی هەبێت، لە یەکەم ڕۆژی بوونم بە سەرۆک کۆمار، درووشمم ئەوە بووە کە یەکڕیزی لە ناوخۆ و ئاشتی و سەقامگیری لە گەڵ دراوسێکان و جیهان بەدیبهێنین.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵی 1993 ەوە تا ئێستا ئەوەی بە درۆ وەک پڕوپاگەندە لە دژی ئێران پەیرەو کردووە کە گوایە وڵاتی ئێمە هەوڵی دەستخستنی چەکی ئەتۆمی دەدات، ئەم درۆیەیان لای سەرۆک کۆمارانی ئەمریکاش کردووە، لە کاتێکدا ئێمە هیچ کات هەوڵی گەیشتن بە چەکی ئەتۆمیمان نەداوە و هەوڵی وەهاش نادەین، لە بەر ئەوەی کە بە پێی فەتوای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەو کارە بە حەرام دەزانین، بەڵام ئەوان بەم هەڵسووکەوتانە، دۆخەکەیان تێکداوە.

ناوبراو وتی: ئێمە لە سەر مێزی دانوستان بووین و سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ئاشتی ئێمەی بانگهێشت کردبوو، ئەوان دڵنیاییان دابوو کە تا دانوستان بکرێت ڕژێمی زایۆنیستی هێرش ناکاتە سەر ئێران، بەڵام لە گەڕی شەشەم و لە کاتێکدا کە ئێمە دانوستانمان دەکرد، بۆمبیان خستە سەر مێزی دانوستانەکان و دیپلۆماسییان تێکدا. ئێمە هیچ کات لە دانوستان هەڵنەهاتووین و ئامادەین دیسانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان بگەڕێینەوە، بەڵام ئێستا پێویستی بە متمانە هەیە، ئەوەی کە دیسانەوە ڕەوتی دانوستانەکان وەک جاری پێشوو نابێت.

پزیشکیان سەبارەت بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی وتی: ئێران هەموو کات ئامادەیی خۆیی بۆ هاوکاری لە گەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پیشانداوە، بەڵام ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ئاژانس بووە بیانووی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. تەنانەت ئاژانس ئەو بۆردومان و هێرشانەشی ئیدانە نەکرد کە کراونەتە سەر ئەو دامەزراوانەی لە ژێر چاودێری خۆیدا چالاکییان دەکرد.

ناوبراو وتی: ئێمە هیچ داواکارییەکمان نییە بەدەر لەوەی کە ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت، ئەوە نتانیاهۆیە کە ناوچەکەی ڕوبەڕوی ئاڵۆزی کردووەتەوە و هەوڵی تێکدانی دانوستانەکانی ئێمەی دا.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی شەڕ، بە هەموو شێوازێک بەرگری لە خەڵک و وڵاتمان دەکەین، ئێمە شەڕمان ناوێت و هەوڵی گەیشتن بە چەکی ئەتۆمیمان نەداوە، سەرهەڵدانی هەر شەڕێک ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر دەبات، ئەگەر سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەیەوێت وەها بێت، دەتوانێت لەم ڕێگایەدا بەردەوام بێت، بەڵام ئەگەر ئاشتیی دەوێت، نابێت موڵەتی ئەوە بدات ڕژێمی زایۆنیستی درێژە بە تاوانەکانی لە ناوچەکەدا بدات. سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە کۆنتڕۆڵکردنی نتانیاهۆ، کۆتایی بە شەڕ و خوێنڕشتن لە ناوچەکە بێنێت./.