جام کوردی ــــ  بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئابووری و دارایی پارێزگای کرماشان، ئامادەیی کۆمپانیای عێراقی "هەمسا"ی بۆ وەبەرهێنانی 3 ملیۆن یۆرۆ لە بواری کۆنترۆڵی کوالیتی کاڵای هەناردەکراو، پیشەی خۆراک، دەرمان و بەرهەمە نەوتییەکانی کرماشانی ڕاگەیاند.

 مەحمود ڕەشیدی ئێقدام، بە ئاماژەدان بە گرنگی پەرەپێدانی ژێرخانی هەناردەکردن لە پارێزگاکەدا ڕایگەیاند: ئەم وەبەرهێنانە دەتوانێت لە بەرزکردنەوەی ستانداردی کۆنترۆڵی کوالێتی کاڵای هەناردەکراو و زیادکردنی متمانەی بازاڕەکانی ئامانج، بەتایبەت بازاڕی عێراق ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە کرماشان یەکێک لە گرنگترین دەروازە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراقە، زیادی کرد: پەرەپێدانی تاقیگەی تایبەتمەند و ژێرخانی کۆنترۆڵی کوالیتی، بە یەکێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی کەرتی هەناردەکردنی پارێزگاکە دادەنرێت و دەتوانێت توانای کێبڕکێی بەرهەمە ئێرانییەکان لە بازاڕەکانی ناوچەکەدا زیاد بکات.

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئابووری و دارایی کرماشان هەروەها ڕاکێشانی نزیکەی 3 ملیۆن و 700 هەزار یۆرۆیی وەبەرهێنانی بیانی لە پارێزگاکەدا ڕاگەیاند و وتی: تا ئێستا سێ پڕۆژەی بیانی لە بوارەکانی پیشەسازی، کانگا و پیشەسازییەکانی خۆراک لە کرماشاندا تۆمار کراون.

هەر لەم دیدار و کۆبوونەوەودا خەلیل ئەرکەوازی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای "هەمسا"، ئامادەیی ئەم کۆمەڵەیەی بۆ دەستپێکردنی تاقیگەی تایبەتمەند بۆ کۆنترۆڵکردنی کوالیتی کاڵای هەناردەکراو و هاوردەکراو، بەرهەمهێنانی ماددەی سەرچاوە و دابینکردنی کیتی تاقیگەیی لە کرماشان ڕاگەیاند.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دانوستانی کارناسانە بەردەوام دەبێت بۆ لێکۆڵینەوی لایەنی تەکنیکی و یاسایی ئەم وەبەرهێنانە؛ پڕۆژەیەک کە بتوانێ لە پتەوکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان کرماشان و هەرێمی کوردستانی عێراق و پەرەپێدانی بازرگانی سنووربەزێندا، یارمەتیدەر بێت.