بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە تیرۆری چەندین زانای ئەتۆمی و فەرماندەی باڵای سەربازی، لە یەکەم کاتژمێرەکانی پاش دەستپێکردنی شەڕی سەپێندراوی 12 ڕۆژە، چەندین هێرشی مووشەکیی لە دژی ئامانجە هەستیارەکانی ڕژیمی زایۆنیستی دەستپێکرد. یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەم هێرشانە دامەزراوەی توێژینەوەی زانستی وایزمەن بوو لە شاری ڕەخووت کە ناوەندێکە بە دڵی زانست و تەکنۆلۆژیای مەدەنی - سەربازی ڕژێمی زایۆنیستی ناسراوە. ئەم هێرشە بێوێنەیە کە بۆ یەکەمجار ژێرخانی زانستی زایۆنیستەکانی کردە ئامانجی جیدی، نەک هەر کاریگەرییەکی بەرفراوانی لە بازنەی زانستی و میدیایی جیهاندا هەبوو، بەڵکوو زیانەکانیشی لە نێوان 300 بۆ 500 ملیۆن دۆلاردا خەمڵیندرا..
وایزمەن بە 286 گروپی توێژینەوە و 191 زانا و سەدان خوێندکاری دەرچووی زانکۆ، بەشێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی بایۆپزیشکی و نانۆپزیشکی ڕژێمی زایۆنیستیی تێدابوو. بە وتەی جیکۆب هانا، سەرۆکی تیمی بایۆلۆجی خانە بنەڕەتییەکانی کۆرپەلە، هێرشەکەی ئێران بووەتە هۆی ئەوەی سەقفی تاقیگەکان بە تەواوی داڕمێت و پلیکانەکان جیاببنەوە. ئێلداد تزهۆر، مامۆستای پزیشکی دووبارە دروستکردنەوە لە پەیمانگای وایزمەن، ڕایگەیاندووە کە " هەموو شتێک لەدەستچووە "، چونکە زۆرێک لەو نموونە و شانانەی کە دەرئەنجامی چەندین ساڵ توێژینەوە بوون لە هێرشەکەدا لەناوچوون. شارەزایان دەڵێن، ئاوەدانکردنەوەی تەواوەتی ئەم کۆمپلێکسە و بوژانەوەی چالاکییەکانی ساڵانێکی زۆری دەوێت.
لە دامەزراندنی وایزمەن لە ساڵی 1934، لە یەکەم نیگادا، بە مەبەستێکی تەنیا زانستی و خێرخوازی دەگێڕدرێتەوە: دامەزراوەیەکی توێژینەوە کە لە لایەن حەییم وایزمەن، کیمیازان و یەکەمین سەرۆک کۆماری ڕژێمی زایۆنیستی دامەزراوە. بەڵام دوای نزیکەی سەدەیەک ڕووی ڕاستەقینەی ئەم ناوەندە شتێکی زیاتر بووە لە دامەزراوەیەکی زانستی تەنیا! دامەزراوەیەک کە لە ژێر توێکڵی ئەکادیمی خۆیدا وەک یەکێک لە ژێرخانە ستراتیژییە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کاردەکات و ئەمڕۆ بووەتە ئامانجێکی زیرەک بۆ هێرشی ستراتیژیی سەر ئێران.
سەرچاوەی ئایدیۆلۆژیی دامەزراوەیەکی بەڕواڵەت زانستی!
حەییم وایزمەن جگە لە پێشینەی زانستی لە کیمیای ئۆرگانیک و سەرکەوتنە پیشەسازییەکانی وەک بەرهەمهێنانی ئەسیتۆن بۆ سوپای بەریتانیا، یەکێک بوو لە تیۆریست و ئەکتەرە سەرەکییەکانی زایۆنیزمی سیاسی؛ لە کاتی شەڕی جیهانی یەکەمدا، سوپای بەریتانیا زۆر پێویستی بە ئەسیتۆن بوو بۆ درووستکردنی تۆپخانە و تەقەمەنی وەک کۆردیت.
لەو کاتەدا حەییم وایزمەن (کە کیمیازان بوو) پرۆسەیەکی بایۆلۆژی (بایۆتەکنەلۆژی)ی پەرەپێدا کە بەکتریا کلۆستریدیۆم ئەسیتۆبوتیلیکۆمی بەکاردەهێنا بۆ بەرهەمهێنانی ئەسیتۆن و بوتانۆل و ئیتانۆل. ئەم شێوازە کە بە تەخمیرکردنی ABE ناسراوە، جێگەی شێوازە کۆن و ناکارامەکانی گرتەوە.
ناوبراو نەک هەر یەکێک بوو لە داڕێژەرانی جاڕنامەی بالفۆر، بەڵکوو لە دیدارەکانی لە گەڵ سەرکردەکانی ئەمریکا و ئەورووپا، پشتیوانی جیهانیی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کۆکردەوە.
ئەو دامەزراوەی کە ناوبراو لە شاری ڕەخووت دایمەزراندووە، سەرەتا لە لایەن بنەماڵەیەکی بەریتانی بە ناوی دانیال سەیفەوە پارەی بۆ دابین دەکرا و دواتر ناوی گۆڕدرا بۆ ناوی ئێستای دامەزراوەی زانستیی وایزمەن، وەک ڕێزێک بۆ دامەزرێنەرەکەی لە ساڵی 1949. ئەم دامەزراوەیە هەر لە سەرەتاوە جگە لە پێکهاتە ئەکادیمییەکەی، ئامانجی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی بناغە زانستی و بەرگری و ئەتۆمییەکانی ڕژێمی تازەپێگەیشتووی زایۆنیستی هەبوو.
گومانی تێدا نییە کە دامەزراوەی وایزمەن لە دەیان ساڵی ڕابردوودا لە بوارە زانستییە جیاوازەکاندا دەستکەوتی بەدەستهێناوە. لە پەرەپێدانی یەکەمین کۆمپیوتەری ئیسرائیل (وایزاک) و ئەلگۆریتمەکەی کۆدکردنی RSA تا دەگاتە دیزاینکردنی دەرمان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی وەک ئێم ئێس و شێرپەنجە، وایزمەن توانیویەتی پێگەیەکی جیهانی لە هەندێک لقی زانستی بنەڕەتیدا بەدەستبهێنێت.
هاوکاری لە گەڵ براوەی خەڵاتی نۆبڵ وەک پرۆفیسۆر ئادا یۆنات و ڕاهێنانی نوخبە لە بوارەکانی زانستی دەمار و کیمیا و فیزیا بەشێکە لەم ناوبانگە زانستییە.
بەڵام ئەوەی لە پشت ئەم دەستکەوتانەدا شاراوەتەوە، بەردەوامی پەیوەندییەکانی دامەزراوەکە بە پیشەسازییە بەرگرییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە.
ئەلگۆریتمەکەی کۆدکردنی RSA کە لە دامەزراوەی وایزمەنەوە سەریهەڵدا، نەک هەر بووە دامەزرێنەری بازرگانی ئەلیکترۆنی مۆدێرن، بەڵکوو ڕۆڵێکی سەرەکی لە کۆدکردنی سیستەمی پەیوەندییە ئەمنییەکان و پەیوەندییە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ساڵانێک گێڕاوە.
زانست لە خزمەت شەڕدا!
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە وایزمەن لە نزیکەوە لە گەڵ وەزارەتی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی و کۆمپانیاکانی وەک ئەلبەیت سیستەم و IAI کاریان کردووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دامەزراوەکە سەنتەرێکی مەشق و ڕاهێنان بووە بۆ پرۆگرامی ئەتۆمی دیمۆنا و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە بواری دەرهێنانی یۆرانیۆم و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار.
جگە لەوەش پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ڕێنماییکردنی مووشەک، بەرهەمهێنانی کەرەستەی بایۆمەتری بەرگری، لێکۆڵینەوە لە شەڕی ئەلیکترۆنی و تەنانەت ئامرازە دەروونییە سەربازییەکان بۆ بەکارهێنان لە بەرەکانی شەڕدا، لە چالاکییە کەمتر گشتییەکانی دامەزراوەکە بوون. پارکی زانست و تەکنەلۆژیای کیریات ویزمەن، بە ئامادەبوونی کۆمپانیاکانی چالاک لە تەکنەلۆژیای دوو بەکارهێنان، پیشان دەدات کە ئەم دامەزراوەیە ڕاستەوخۆ بەشدارە لە زنجیرەی دابینکردنی کارەبای سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی.
دوای هێرشی مووشەکیی ئێران، سەرجەم بیناکانی دامەزراوەی وایزمەن کرانە ئامانج. هەرچەندە تەلئەبیب هەوڵیدا لە گرنگی هێرشەکە کەم بکاتەوە و ڕایگەیاند کە هیچ کام لە زاناکان زیانیان پێنەگەیشتووە، بەڵام شرۆڤەکارانی سەربازی لە سەرانسەری جیهاندا بە پەیامێکی ڕوون و وردی ئێرانیان زانی.
ئێران بەم کارە پیشانیدا کە ستراتیژێکی نوێی لە دژی تیرۆرکردنی زاناکانی گرتۆتەبەر: بە ئامانجگرتنی ژێرخان کە لە یەک کاتدا هەم لایەنی زانستی و هەم لایەنی سەربازی هەیە. دامەزراوەی وایزمەن سەرەڕای ناوە ئەکادیمییە بەناوبانگەکەی، بەڵام بە کردەوە بووەتە ناوەندێک بۆ بەرهەمهێنانی زانست لە خزمەتی ماشێنی جەنگیی ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنیستی، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە ئامانجێکی ڕەوا لە لۆژیکی ڕێگری زیرەکدا./.