جام کوردی ـــ ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیوزلەندا دوای یەکسانبوون لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند؛ لەم یارییەدا هەلی هەبوو مێژوو تۆمار بکەین، بەڵام نەمانتوانی.

"دارێن بیزلی"، سەرۆکی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیوزلەندا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای یارییەکەی لەگەڵ ئێران، هەوڵی یاریزانەکانی بەرز نرخاند.

ناوبراو ئاماژەی بە کوالیتی یاری تیپەکەی کرد و وتی: شانازی بە یاریزانەکانمەوە دەکەم، ئەو بڕە هەوڵەی کە خستیانە ناو یاریگا و ئەو هەلانەی کە دروستمان کرد زۆر باش بوون، پێموایە ئاستێکی باشمان هەبوو لە گرتنی تۆپدا و بۆ زۆربەی خولەکەکان بەرگرییەکی باشمان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا بە نائومێدیەوە یارییەکە بەجێدەهێڵین، چونکە نەمانتوانی بەرانبەر بە ئێران سەرکەوتن بەدەستبهێنین.

بیزلی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دووجار پێش ئێران کەوتین و دوو گۆڵی باشمان تۆمارکرد، چەن ساتێکی باشمان لە یارییەکەدا بەسەر برد، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتنمان بەدەست نەهێنا.

ڕاهێنەری نیوزلەندا لە کۆتاییدا وتی: ئەم ئەنجامە تێکەڵەیەک لە شیرینی و تاڵییە، چونکە دەرفەتێکمان بۆ ڕەخسا ئەمڕۆ مێژوو تۆمار بکەین و یارییەک لە مۆندیالدا ببەینەوە، زۆر نزیک بووینەوە لە بردنەوە و زۆریش باش یاریمان کرد، هەر بۆیە هەست بە شانازی دەکەم.