جام کوردی ـــ بەرپرسی ستادی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی مەزارگە پیرۆزەکانی پارێزگای کرماشان ئامادەیی تەواوی ئەو پارێزگایە بۆ میوانداریکردنی زیارەتکارانی ئەربەعینی ڕاگەیاند و وتی: پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ڕێژەی هاتوچۆی زیارەتکاران لە ڕێگەی سنووری خوسرەوییەوە لە ماوەی ئەربەعیندا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی لەسەدا 15 زیاد بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، "وەحید محەممەدی" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە ئاماژەدان بەو پلانانەی کە بۆ ئەربەعینی ساڵی 1405، داڕێژراون ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو 323 وێستگە لەلایەن خەڵکی پارێزگای کرماشانەوە ڕێکخرابوو، کە لەو ڕێژەیە 300 وێستگە لە نێو پارێزگا و و 23 وێستگەش لە نێو خاکی عێراقدا، خزمەتی زیارەتکارانیان دەکرد. ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت هەمان ژمارەی وێستگە لەسەر ڕێگاکانی بەرەو سنووری خوسرەوی چالاک بن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، چالاکیی فەرمی وێستگەکان لە 10ی سەفەر دەستیپێدەکات و تا سێ ڕۆژ دوای ئەربەعین بەردەوام دەبێت و زیادیشی کرد: بەمەبەستی باشترکردنی کوالێتی خزمەتگوزارییەکان، ئەمساڵ بەشێک لە وێستگەکان بەکۆمەڵ و بە گروپی گەورەترەوە کاردەکەن.
بەرپرسی ستادی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی مەزارە پیرۆزەکانی پارێزگای کرماشان هەروەها پێشبینی دابینکردنی 5 ملیۆن بوتڵی ئاوی کانزایی و 90 هەزار پارچە سەهۆڵی بۆ سەردەمی ئەربەعین ڕاگەیاند و وتی: چوار نانەواخانەی گەورە لە شارەکانی قەسرشیرین، سەر پولزەهاب و کرماشان بۆ دابینکردنی نانی پێوێستی زیارەتکاران و وێستگەکان چالاک دەکرێن.
محەمەدی بە ئاماژەدان بە پەرەپێدانی توانا سنوورییەکانی پارێزگاکە ئاماژەی بەوەش دا: مەرزی سۆماریش وەک مەرزی قبوڵکردنی زیارەتکاران لە ئەمساڵەوە چالاک دەکرێت و بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی ئەربەعین لەم سنوورەدا پێشکەش دەکرێن.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی لە متمانەپێکراوی لەسەر خەرجکردنی هاوکارییە گشتییەکان کردەوە و وتی: سەرجەم هاوکارییە گشتییەکان بە پێی مەبەستی خێرخوازان بۆ پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی مەزارگە پیرۆزەکان خەرج دەکرێن، هەروەها تێچووی ئێستای وێستگەکان لە ڕێگەی هاوکارییە گشتییەکانەوە دابین دەکرێت.
بەرپرسی ستادی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی مەزارگە پیرۆزەکانی پارێزگای کرماشان هەروەها هەواڵی لە هەڵمەتەکانی "کاشی مەزارگە"، "بینای نوور" و "کەمپینی ٧٢-٧٢"، ڕاگەیاند و داوای لە خەڵک کرد لە ڕێگەی کۆدی *٧٢#ەوە هاوکارییەکانیان بدەن بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی مەزارگە پیرۆزەکان.