بە پێی ڕاپۆرتی
جام کوردی، ئەو پاقلەمەنیانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێن بریتین لە
فاسۆلیای سوور، فاسۆلیای سپی، فاسۆلیای ڕەش، نۆک و جۆرەها نیسک و ماش. پاقلە دوو هێندەی
دانەوێڵە پرۆتینی هەیە و بە سەرچاوەی باشی پرۆتین دادەنرێت.
پاقلە دەتوانێ
خۆراکێکی تەواوکەری زۆر باش بێت بۆ منداڵان و پێداویستی خۆراکی ڕۆژانەیان پڕ دەکاتەوە.
ئەو مادده بەنرخانەی کە لە پاقلەمەنیەکاندا هەن وایان لێدەکات زۆر گونجاو بن بۆ ڕووەکخۆران
و بەمەش پرۆتین و کانزاکان و ڤیتامینەکانی پێویست بۆ جەستە دابین دەکەن.
لە زۆربەی وڵاتان، پاقلەمەنی سەرچاوەیەکی
سەرەکی پرۆتینە بۆ هەژاران. پاقلەمەنییەکان زۆر جار بە چەند هۆکارێک کەم
دەنرخێنرێن کە باوترین هۆکاریان ئەوەیە خواردنی پاقلەمەنی دەبێتە هۆی ئاوسان و
قورسی. پاقلەمەنییەکان دەبێت بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک تەڕ بکرێت و کاتی زۆری بۆ
لێنان دەوێت .
پاقلەمەنییەکان زۆر گونجاون بۆ تووشبووانی
شەکرە چونکە چەوری زۆر کەم و ڕیشاڵیان زۆرە. پاقلەمەنی تێرت دەکات و یارمەتیت
دەدات ئاستی شەکری خوێن کۆنتڕۆڵ بکەیت، بەدڵنیاییەوە هەموو ئەمانە مانای
بەڕێوەبردنی کێشی باشتر دەگەیەنێت.
پاقلەمەنی
خۆراکێکی باشە بۆ ڕێگریکردن لە کەمی ئاسن لە ژنان و منداڵاندا بەهۆی ڕێژەی ئاسنیان
بەتایبەت کاتێک لەگەڵ سەرچاوەکانی ڤیتامین C بەکار دەهێنرێن.
خواردنی پاقلەمەنی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی خوێنبەرەکان کەم دەکاتەوە، چونکە دەوڵەمەندە
بە ڕیشاڵ و کۆلیسترۆلی خراپ کەم دەکاتەوە./.