بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ باڵیۆز و نوێنەر و دیپلۆماتکارانی وڵاتانی بیانی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، وتی: زیاتر لە 120 وڵات دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکایان بۆ سەر ئێران ئیدانە کرد و چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەڵوێستی هاوشێوەی هەبوایە بەڵام بە هۆی ڕێگرییەکانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەوە وەها نەبوو.
ناوبراو وتی: بەداخەوە کە ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هیچ هەڵوێستێکی لە سەر بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نەبوو و تەنانەت بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسیش ئیدانەی نەکرد، لەم هێرشانەدا ئەگەرچی زیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیشت بەڵام مافی نێودەوڵەتی و پەیمانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی زیاتر زیانی پێگەیشت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێمە بۆ هەمیشە ئەندامی پەیمانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ دەمێنینەوە بەڵام شێوازی هاوکاریمان لە گەڵ ئاژانس دەگۆڕدرێت.
سەید عەباس عێراقچی وتی: زیاتر لە 20 ساڵە ئێران هەوڵ دەدات ئاشتیخوازبوونی پلانی ئەتۆمیی خۆی بسەلمێنێت، ئەگەر ویستی درووستکردنی چەکی ئەتۆمیمان هەبوایە ئێستا باشترین بیانوومان هەبوو، بەڵام ئێمە ئەو چەکە بە نائیسلامی و نامرۆیی دەزانین و فەتوای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیش هەر ئەمەیە.
وتیشی لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵی سوورە و هیچ ڕێکەوتنێک ئەمەی تێدا نەبێت، قبووڵکراو نییە./.