بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕۆژی شەممە کۆبووە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراقی تاوتوێ کرد.

دوا بە دوای ئەو کۆبوونەوەش، بارەگای بارزانی ڕاگەێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە دوایین دەرفەت بە حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کراوە.

لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرکردەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە کە لایەنەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا داوە.

لە لایەکی دیکەوە دەوترێت وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە هەولێر و بەغدا لە سەر تەواوی بڕگەکان گەیشتوونەتە ڕێکەوتن و تەنیا بڕگەی تایبەت بە ڕێژەی بەکارهێنانی ناوخۆیی نەوتی هەرێم ماوە./.