بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ عەبدولئەمیر ئەلشمەری وەزیری ناوخۆی عێراق، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بە برایانە و لە سەر بنەمای پەیوەندی قووڵی ئایینی و کەلتوری وەسفکرد و ڕایگەیاند: حکومەت و گەلی عێراق و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی بە برای خۆمان دەزانین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی و برایەتی لە نێو نەتەوەی ئیسلامیدا.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرز نرخاندنی میوانداریی حکومەت و گەلی عێراق لە زیارەتکارانی ئێران و هەروەها هاوکارییەکان لە گەڕانەوەی حاجیانی ئەمساڵی ئێران لە وڵاتی سعوودیەوە بۆ ئەم وڵاتە، ڕایگەیاند: هیوادارین هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاسانکاریی بەڕێوەچوونی شایستەی ڕێوڕەسمی ئەربەعین، خاڵی وەرچەرخان و هێزێکی بزوێنەر بێت بۆ هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی دیکەدا، لەوانەش چالاککردنی بازاڕچەی سنورەکان، وەبەرهێنانی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانست، ئامادەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری لە گەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا.

پزیشکیان هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕژێمی زایۆنیستی لە تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا و وتی: ڕژێمی زایۆنیستی پڕۆژەی سیستەمێکی زاڵبوونە بۆ لاوازکردن و داگیرکردن و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی وڵاتان و دابەشکردنی ناوچەکە و پێویستە بە یەکگرتوویی بەرامبەر دوژمنێکی هاوبەشی لەو شێوەیە بوەستین و پشتیوانی یەکتر بکەین و بە توندی خۆمان لە دووبەرەکی و دوانەیی بپارێزین.

لەو چاوپێکەوتنەدا عەبدولئەمیر ئەلشمەری وەزیری ناوخۆی عێراق سڵاوی گەرمی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیی بە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران گەیاند و هەروەها پیرۆزبایی خۆڕاگری سەرکەوتوانەی گەلی ئێرانی لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی کرد.

ئەلشمەری هەروەها ڕێوشوێن و چالاکییەکانی حکومەتی عێراقی لە پێناو دابینکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ جێگیرکردنی ملیۆنان زیارەتکاری ڕێوڕەسمی ئەربەعین بەتایبەت لە بوارەکانی گواستنەوە و تەندرووستی و ئاسایش ڕوونکردەوە و وتی: حکومەتی عێراق هەموو تواناکانی خۆیی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ئەم ڕێوڕەسمە بە شێوەیەکی گەورە ئەنجامبدات و ئەو ڕێوشوێن و هەماهەنگییانە تا دوا زیارەتکار وڵاتەکەمان بەجێدەهێڵێت، بەردەوام دەبن./.