نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی، لە تاران لەگەڵ غولام حسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوکاری لە بوارە جیاوازەکاندا کرا، بەتایبەت لە کەرتی دادوەری و ڕۆڵی ئەم دەسەڵاتە لە چەسپاندنی سەقامگیریدا."

زەیدی پابەندبوونی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ بنیاتنانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئامادەیی حکومەتی بۆ هاوکاری هاوبەش لە بوار و کەرتە جیاوازەکان دەربڕی، بەتایبەتی لە کەرتی ئابووری، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەکانیان بەدی بهێنێت." هەروەها وتیشی: "عێراق هەمیشە خاڵی یەکگرتنە بۆ وتوێژ و چارەسەرکردنی ناکۆکی لە سەرتاسەری ناوچەکە و هەرواش دەمێنێتەوە، جەختی لە گرنگی سوود وەرگرتن لە دەرفەتی ئێستا و پاڵنان بەرەو هێورکردنەوە لە ڕێگەی دیالۆگەوە کردەوە."

لای خۆیەوە ئێژەیی ئاماژەی بە هاوبەشییە ئایینی و مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان عێراق و ئێران کرد و ستایشی هەنگاو و ڕێوشوێنەکانی حکومەتی عێراقی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و جەختی لەوە کردەوە کە ئێران ئەزموونی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئامادەیە لەو بوارەدا هاوکاری بکات، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گەلی عێراق دەربڕی بۆ هەڵوێستی بەرزیان لە ماڵئاویی کردن لە تەرمی ئایەتوڵڵا عوزما سەید عەلی خامنەیی..