لە ماوەیەکی کەمدا، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر بە هاوکاریی پۆلیسی دهۆک توانیان تۆمەتباری سەرەکیی رووداوی کوشتنی بەربەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر دەستگیر بکەن، کە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بەرەو پارێزگای دهۆک هەڵاتبوو.بەپێی راگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هێزەکانیان دوای وەرگرتنی ئاگاداری لە رووداوەکە، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی تاوان و بە کۆکردنەوەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ناسنامەی تۆمەتبار دیاری کرا. پاش ئەوەش، بە هەماهەنگییەکی خێرا لەگەڵ پۆلیسی پارێزگای دهۆک، شوێنی مانەوەی تۆمەتبار دۆزرایەوە و دەستگیر کرا.لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نیشانیان دەدات هۆکاری رووداوەکە پەیوەندی بە کێشەیەکی خوێنداریی پێشوو هەبووە. پۆلیسی هەولێر ئاماژەی دا کە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی تایبەت کراوەتەوە و هەموو رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبار بەردەوامن.