​کاروان عەلی شرۆڤەکاری سیاسی لە سەرەتای وتوێژەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە هەنگاوەکانی ئەمریکا لە دوای هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ و لە سەر بنەمای پاشخانە ئابوورییەکەی، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزەی جیهان دەستی پێکرد.

ئەو ڕوونی کردەوە کە بەراورد بە ئەزموونی ڤەنزوێلا، ئەمریکا و ئیسرائیل لە رێگەی دەستپێکردنی شەڕێکی ١٢ ڕۆژەوە هەوڵیان دا ئێران ناچار بە تەسلیمکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و یەدەگە زەبەلاحەکەی نەوت و گاز بکەن،

بەڵام بەرگری و خۆڕاگریی بەهێزی ئێران ڕێگری لە هەر جۆرە سازشێک کرد.

​ئەو شیکەرەوەیە لە درێژەی وتوێژەکەیدا بۆ پەیامنێری جام کوردی باسی لەوە کرد کە کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل بە هەڕەشە و فشار نەیانتوانی هیچ دەستکەوتێک بەدەست بهێنن و نەشیانتوانی سەرکردەکانی ئێران دەستگیر بکەن، پەنایان برد بۆ جێبەجێکردنی پلانی تیرۆرکردنی ڕابەر و بەرپرسە باڵاکانی ئێران بە مەبەستی ناچارکردنی بڕیاربەدەستانی ماوە لەسەر سازشکردن، بەڵام ئەو پلانەشیان هیچ پێشڕەوییەکی بۆ نەهێنانە ئاراوە.

​سەبارەت بە بەشداریی وڵاتانی ئەوروپا، کاروان عەلی ڕایگەیاند: "سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ترەمپ و وەزیرەکانی بۆ ڕاکێشانی ئەوروپا بۆ ناو ئەم جەنگە، بەڵام تا ئەم ساتەش ئەوروپییەکان ڕەزامەندییان نەداوە و سەرەڕای پشتگیرییە میدیاییەکان، خۆیان لە بەشداریی ڕاستەوخۆ بەدوور گرتووە."

​بە وتەی کاروان عەلی، ئێران وڵاتێکی بەرفراوانە و خاوەنی ژێرخانێکی ئابووری و پیشەسازیی گەورەیە. سەرەڕای ئەوەی لەم جەنگەدا هەوڵی بەربڵاو و دڕندانە درا بۆ تێکدانی ئەو ژێرخانە، بەڵام بەهۆی پانتایی جوگرافی، زۆریی کارگە و شارە پیشەسازییەکان، ئێران توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و هیچ سازشێک نەکات.

​لە کۆتاییدا ناوبراو جەختی کردەوە کە جەنگی ڕاگەیاندنی بەردەوام و هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، تەنیا بۆ شاردنەوەی شکستە سەربازییەکانیانە بە هیوای دەستکەوتنی سازشێک لە لایەن ئێرانەوە؛ بەڵام دەرئەنجامەکەی جگە لە خەرجکردنی پارەیەکی زەبەلاح، هیچ دەستکەوتێکی ئابووری یان سیاسیی بۆ ئەمریکا نەبووەو نابێت.