​بەپێی زانیارییەکان، ئێران و عومان لەسەر داڕشتنی میکانیزمێکی نوێ بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. ڕێککەوتنەکە دوو قۆناغی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:

​قۆناغی یەکەم (کاتی): چوونەژوورەوەی کەشتییەکان لە رێڕەوی باکوور (لای کەناراوەکانی ئێران) دەبێت و چوونە دەرەوەیان لە رێڕەوی باشوور (لای کەناراوەکانی عومان) ئەنجام دەدرێت.

​قۆناغی دووەم (کۆتایی): هەردوو رێڕەوی باکوور و باشوور دادەخرێن و تەواوی هاتوچۆی کەشتییەکان تەنیا لە رێڕەوی ناوەڕاستەوە دەبێت.

​لە ڕووی بەڕێوەبردن و داراییەوە، لە رێڕەوی ناوەڕاستدا چوونەژوورەوەی کەشتییەکان لەژێر بەڕێوەبردنی ئێراندا دەبێت و چوونەدەرەوەشیان بە چاودێری و بەڕێوەبردنی هاوبەشی ئێران و عومان دەبێت.

هەروەها وەرگرتنی رسووماتی دەریایی بەپێی بەهای بارەکان ناکرێت، بەڵکوو لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک بیمە، دابینکردنی سووتەمەنی و رسووماتی پاراستنی ژینگە دەبێت.

​ئەم ڕێککەوتنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەنگدانەوەیەکی فراوانی هەبووە و هاوڵاتییان ڕا و سەرنجی جیاوازیان لەسەر بەهێزبوونی پێگەی ئابووری و سەربازیی ئێران دەربڕیوە:

​حەسەن وەرەیی، یەکێک لە هاوڵاتییان سەرنجی داوەو دەڵێت "لە کۆتاییدا ئەم رێکەوتنە هەر ناوێکی لێ بنرێت، ئێران باڵادەستیی خۆی نیشانی جیهان دا و توانی باجی خۆی لە کەشتییەکان وەربگرێت."

لای خۆشییەوە عەبدوڵا حاجی قادر کورت و پوخت ئاماژەی بە سەرکەوتنی ئێران کردووە.

لە ​لایەکی دیکەوە، ئازاد مەحمود و شەنگە محەمەد جەختیان لەسەر پەراوێزخرانی ڕۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە داوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتی سەروەریی خۆی بسەپێنێت و لەم کێبەڕکێیەدا لە ئەمریکا بباتەوە.

سەهەند سەرداریش هاوڕا بووە لەسەر ئەوەی ئێران لەم هەنگاوەدا سەرکەوتوو بووە و ڕای خۆی سەپاندووە.

​ئەم کاردانەوانە دەریدەخەن کە ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابوورییەکانی گەرووی هورمز دەڕوانن و ئەم ڕێککەوتنە بە هەنگاوێکی کارا بۆ بەهێزبوونی جێگەو پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا دەبینن.