جام کوردی -  قەیرانە بەردەوامەکانی گەرووی هورمز و بابولمەندەب دەریدەخات کە جیهان هێشتا هیچ بەدیلێکی دەستبەجێ و پراکتیکی نییە بۆ نەوت و غازی زۆر و گونجاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تا شەڕی ناوچەکە درێژە بکێشێت، تێچووی زیاتر دەبێت بۆ ئابووری هاوردەکردنی وزە.

ڕۆژنامەی ئینگلیزی “Business Standard/tbsnews” کە لە داکا بڵاو دەکرێتەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە: هەموو ململانێیەکی گەورە لە ناوچەی کەنداوی فارس هەمان ترسە کۆنەکان زیندوو دەکاتەوە؛ نەک تەنها بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەڵکو بەهۆی ئەوەی کە ئایا ناوچەکە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی نەوتی خاوی دەریایی جیهان (کە لە ڕێگەی دەریاوە دەنێردرێت) دابین دەکات، دەتوانێت بەردەوام بێت لە بڕبڕەی پشتی ئابووری جیهانی.

بەڵام ئەمجارە پرسیارەکە قووڵترە. ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت و بەردەوام بێت لە زیانگەیاندن بە دامەزراوە بەرهەمهێنانەکان، تێرمیناڵەکانی هەناردەکردن، یان ڕێڕەوی کەشتیوانی گرنگ، ئایا سەردەمی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی دێت؟ ئایا جیهان ئامادەیە بە تەواوی خۆی لە نەوت و گاز و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بخاتەوە و بەبێ ئەوان بژی؟

ئابووری مۆدێرن لەسەر سووتەمەنی بەردینی زۆر و هەرزان بنیات نراوە. خەڵوز بزوێنەری شۆڕشی پیشەسازی بوو، بەڵام دوای جەنگی جیهانی دووەم، نەوت پێشی کەوت، چونکە بەرهەمهێنەرانی کەنداو بە خێرایی بەرهەمەکانیان زیادکرد. پاشان غازی سروشتی هاتە ئاراوە کە بووە سووتەمەنییەکی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پیشەسازی و بەکارهێنانی ناوخۆیی. نەوت و گاز پێکەوە هێشتا زیاتر لە نیوەی بەکارهێنانی وزەی جیهان پێکدەهێنن، هەرچەندە وزەی نوێبووەوە بە خێرایی گەشە دەکات.

ئایا تەمەنی نەوت بەرەو کۆتایی دەڕوات؟

هەرچەندە پێشبینی دەکرێت سەدەی بیست و یەکەم سەدەیەک بێت لە وزەی نوێبووەوە، بەڵام پێدەچێت سووتەمەنی بەردینی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو وەک بەشێکی باڵادەستی تێکەڵەی وزەی جیهان بمێنێتەوە. تەنانەت لەگەڵ پاکبوونەوەی کارەبادا، نەوت و گاز بۆ گواستنەوە و پیشەسازی قورس و پترۆکیمیایی و گەرمکردنەوە بە شێوەیەکی حەتمی دەمێننەوە.

وزەی نوێبووەوە لە گەشەکردندان، بەڵام کارەبا تەنها بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی وزەی جیهان دابین دەکات. پیشەسازی فڕۆکەوانی هێشتا پشت بە سووتەمەنی فڕۆکە دەبەستێت. پیشەسازی کەشتیوانی هێشتا بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر نەوت کاردەکات. پیشەسازی پترۆکیمیایی پێویستی بە نەوتی خاو هەیە. هەروەها پیشەسازییەکانی ئامێری قورس و بەرگری پشت بە بەرهەمە نەوتییەکان دەبەستن.

سەرەڕای دابەزینی وردە وردەی پشکی نەوت، بەڵام گرنگی ستراتیژییەکەی زۆر گەورەیە و هەرچەندە گواستنەوەی وزە دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا زۆر دوورە لە تەواوبوون. جیهانگیری نوێ لەسەر وزەی زۆر و گونجاو بنیات نرا. قازانجی ڕاستەقینەی کەنداوی فارس هەرگیز بە تەنیا نەوت نەبووە، بەڵکو نەوتی هەرزان و زۆر بووە.

ئایا جیهان دەتوانێت جێگەی نەوتی کەنداوی فارس بگرێتەوە؟

وڵاتانی کەنداوی فارس زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی نەوتی خاوی جیهان و نزیکەی لەسەدا ١٠ی گازی سروشتی بەرهەم دەهێنن. ناوچەکە نزیکەی لەسەدا ٣٣ی یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی جیهان و لەسەدا ٢١ی یەدەگی غازی سروشتی لەخۆگرتووە.

 

بەشێکی زۆری نەوت و گازی سروشتی شلکراوی کەنداوی فارس بە گەرووی هورمزدا ​​تێدەپەڕێت، ئەمەش وایکردووە کە دابینکردنی وزەی جیهانی زۆر وابەستەی سەقامگیری ڕێڕەوی دەریایی ناوچەکە بێت. ئێستا کە شەڕەکە تەشەنەی کردووە بۆ دەریای سوور، ڕێڕەوێکی دیکەی گرنگی بازرگانی دەریایی ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی نوێ دەبێتەوە.

نەوت و کەلوپەلێک کە لە کەنداوی فارسەوە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەردەچن، دەبێت نیمچە دوورگەی عەرەبی ببڕن و بە شێوەیەکی گشتی بە بابولمەندەبیشدا تێپەڕن بۆ ئەوەی بگەنە دەریای سوور و کەناڵی سوێس. ئەگەر ئاسایشی هەریەک لەم دوو ڕێگایە بخرێتە مەترسییەوە، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی نەوتی جیهان و بازاڕ بە شێوەیەکی کاریگەر لە یەک لەسەر دەی دابینکردنی غازی سروشتی بێبەش دەبن.

هەندێک لە دابینکەرانی بەدیل کە ئەگەری هەیە بریتین لە ئەمریکا، کەنەدا، بەرازیل، گویانا و نەرویج. هەندێک لەو وڵاتانە پێشتر بەرهەمهێنان و هەناردەکردنیان زیادکردووە، بەڵام سنووردارکردنی فیزیکی ماوەتەوە، چونکە ناتوانرێت ژێرخانی بەرهەمهێنان و هەڵگرتن و هەناردەکردن لە شەوێکدا بنیات بنرێت و فراوان بکرێت.

لەوانەیە ئەم بەرهەمهێنەرانە لە کورتخایەندا سوودمەند بن لە کەمیی دابینکردن، بەڵام هێشتا دوورن لەوەی بتوانن دەستبەجێ ئەو کەمییە گەورەیەی دابینکردنی نەوتی کەنداوی فارس قەرەبوو بکەنەوە. هەروەها دەکرا ڕووسیا و ڤەنزوێلا ببنە بەدیلێکی گونجاوتر، بێگومان ئەگەر سزاکان بەرهەمهێنان و هەناردەکردنیان سنووردار نەکردبا.

جیهانگیری نوێ لەسەر بنەمای وزەی زۆر و گونجاو بنیات نرا و کەنداوی فارسیش ئەم وزەیەی دابین کرد. ئەگەر شەڕێکی درێژخایەن و بەردەوامی گەمارۆکان نرخی نەوت بۆ ماوەی چەند مانگێک یان ساڵان بەرەو ١٢٠ بۆ ١٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ببات، ئەوا جیهان ڕووبەڕووی هەڵاوسانی زیاتر و بەرزبوونەوەی تێچووی کەشتیوانی و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و پێداویستی و کەرەستەی خاو و خاوبوونەوەی بازرگانی جیهانی دەبێتەوە. دەرئەنجامەکانی بۆ ئابوورییە بچووکەکان زۆر توندتر دەبن.

کەم و گرانبەهای نەوت و گاز دەبێتە هۆی خێراترکردنی گواستنەوە بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی، وزەی نوێبووەوە، و بژاردە سەرهەڵداوەکانی وەک هایدرۆجین؛ بەڵام گواستنەوەیەکی گەورەی لەو شێوەیە دەیان ساڵ دەخایەنێت.

لەم نێوەندەدا، کەمیی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان تەنانەت ڕەنگە ڕەوتی جیهانی بەرەو وزەی پاک پێچەوانە بکاتەوە. خەڵوز لە ئێستاوە سەرقاڵی گەڕانەوەیە، چونکە وڵاتان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای زیاتر ڕوو لە خەڵوز دەکەن. زۆرجار حکومەتەکان لە کاتی قەیرانەکاندا ڕوو لە سووتەمەنی بەردینی دەکەن، تەنانەت لەکاتێکدا بەردەوامن لە وەبەرهێنان لە وزەی پاکدا لە درێژخایەندا. پیشەسازی AI کە پێویستی بە کارەبایەکی زۆر هەیە و ئەگەر بڵێین کارەبای زۆری دەخوات، هەروەها پاڵ بە ئەمریکاوە ناوە کە وەبەرهێنانی زیاتر لە وزەی ئەتۆمیدا بکات.

ئەوەی کە بەمنزیکانە جیهان ئیدی پێویستی بە نەوت و گاز نەبێت، مەحاڵە، و دوورکەوتنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک هەرزانترین و متمانەپێکراوترین دابینکەری ئەو سەرچاوانە، مومکین نییە. هەر پچڕانێکی درێژخایەن لە گەرووی هورمز، بابولمەندەب یان کەناڵی سویز دەتوانێت شۆک و پەرەسەندنی نرخەکان لە دەرەوەی ناوچەکە زیاتر بکات؛ زیادکردنی هەڵاوسان و خاوکردنەوەی بازرگانی و دواخستنی بوژانەوەی ئابووری لە وڵاتانی پێشکەوتوو و تازەپێگەیشتودا.

نیشانە ئومێدبەخشەکان هەن کە ڕەنگە دیپلۆماسی هێشتا بتوانێت بەسەر گرژی و ململانێدا زاڵ بێت. ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئێران. ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت، ئەگەری کردنەوەی گەرووی هورمز هەیە. هەروەها سعوودیە داوای لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ (سەرۆکی ئەمریکا) کردووە، سەرەڕای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی ناوی دەبات بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی.

سەرۆکی ئەمریکا بە هۆی دەستدرێژی ناڕەوا بۆ سەر ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لە ژێر گوشاری بیروڕای گشتی ئەمریکا و جیهاندایە. ئەم لێدوانە سەرلێشێواوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە (٣ی ئاب) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم وتووێژانە (ئێران و عومان) دانوستانی دوو قۆڵی نێوان دوو دەوڵەتی کەنار دەریایە. ئەوانی دیکە دەتوانن لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی بنیاتنەر یان تێکدەرانە بگێڕن، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە ئێران و عومانەوە. دەبێت چی ڕوودەدات بڕیار بدرێت".

لە کاتێکدا کۆمپانیا گەورەکانی نەوت قازانجێکی زۆریان لە بەرزبوونەوەی نرخەکان بەدەستهێناوە کە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە هاتۆتە ئاراوە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانی بەرچاویان بەر لانیکەم ٨٠ دامەزراوەی نەوت و گاز کەوتووە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە مەزەندە دەکات کە ڕەنگە دوو ساڵ بخایەنێت تا هەندێک لەو دامەزراوانە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

جیهان بەردەوام دەبێت لە پێویستی بە نەوت و گاز. هەروەها پێویستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارێزگاری لە سامانە نەوتییەکانی خۆی بکات، کە سەرەڕای بەردەوامی هەوڵەکان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووریی ناوچەکە وەک بڕبڕەی پشتی ئابووریی ناوچەکە دەمێنێتەوە. تا شەڕی کەنداوی فارس درێژە بکێشێت، مەترسی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی هاوردەکاری وزە زیاتر دەبێت.