بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لێدوانەکانی دۆگلاس مەکگریگۆر، ڕاوێژکاری پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، نیگەرانی جیدیی سەبارەت بە کەمبوونەوەی کۆگای مووشەکی ئەمریکا لێکەوتەوە.

مەکگریگۆر بە پشتبەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی ناو پێنتاگۆن هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە سیاسەتی ئێستای خۆی بۆ ناردنی چەک بۆ دەرەوەی وڵات (یارمەتی بەرفراوان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی و ئۆکرانیا)، تەنیا مووشەکی هێرشبەر و بەرگریی بەشی شەڕێکی 8 ڕۆژەی دەبێت و دوای ئەوەش "دەبێت پەنا بۆ بژاردەی ئەتۆمی ببات!"

ناوبراو لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (پێشتر تویتەر)، بە ئاماژەدان بەم بابەتە نووسیویەتی، " تەنیا دەتوانین مامەڵە لە گەڵ شەڕێکی 8 ڕۆژەدا بکەین، دواتر دەبێت چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنین ".

ئەو ڕاوێژکارەی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە ئاماژە بەوەی کە دڵنیا نییە ترەمپ ئاگاداری دۆخێکی لەو جۆرەیە یان نا، داوایکردووە سەرۆکی ئەمریکا لە دۆخی ڕاستەقینەی کەمی کۆگای مووشەکی ئاگادار بکرێتەوە.

ئەم لێدوانانە تەنیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دێن، کاتێک ترەمپ ڕایگەیاند کە هاوکاری سەربازی زیاتر ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێت. بابەتێک کە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ڕووسیا بووەتەوە. مۆسکۆ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە چەکی دوور مەودای ڕۆژئاوا لە لایەن هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکانی سەر خاکی ڕووسیا بەکاردەهێنرێت و ئەم جۆرە کردەوانە پرۆسەی ئاشتی تێکدەدەن.

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەگەر ئەو چەکانە بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا بەکاربهێنرێن، ئەوا بڕیاری پێویستی لە سەر دەدرێت. وتیشی: پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بە لایەنی ڕاستەوخۆی شەڕ دادەنرێن یان نا؟

ئەم گرژییانە لە زیادبووندان، چونکە ئەمریکا لە چەندین بەرەدا سەرقاڵی پابەندبوونی سەربازیی بەرفراوانە، لەوانەش ئۆکرانیا، ڕژێمی زایۆنیستی و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. دەکرێت هۆشدارییەکەی مەکگریگۆر وەک بانگەوازێکی بەئاگابوونەوە بۆ هێزی سەربازی ئەمریکا سەیر بکرێت لە ئەگەری ڕوودانی ململانێی هاوکات لە چەندین بەرەدا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ژێرخانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئەمریکا و ئامێرە سەربازییە پێشکەوتووەکان هاوتەریب نین لە گەڵ خێرایی بەکارهێنانیان.

شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، ڕەنگە واشنتن یان ناچار بێت پابەندبوونە سەربازییەکانی لە دەرەوەی وڵات کەم بکاتەوە یان پەنا بۆ زیادکردنی بودجەی بەرگری و بەرهەمهێنانی چەک بەشێوەیەکی بەرچاو ببات، هەردوو بژاردەیەک کە لێکەوتەی ئابوری و ژیۆپۆلەتیکی جیدییان هەیە./.