بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیرسەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی لە سەر " دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سوریا) " پێشکەش کرد.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئێمە بە توندی ئیدانەی هێرشە سەربازییە بەربڵاوەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی دژ بە کۆماری عەرەبی سوریا دەکەین، وتی: ئەم کردەوە دەستدرێژییە بە ئەنقەستانە لەوانە هێرشەکانی سەر دیمەشق، ژێرخان و ئیمکاناتی گشتی و حکومەتی کردووەتە ئامانج. ئەم جۆرە کارانە نوێنەرایەتی پەرەسەندنی گرژییە مەترسیدارەکان دەکەن لە لایەن ڕژێمێکەوە کە بەردەوامە لە داگیرکردنی بەشێک لە خاکی سوریا بە شێوەیەکی نایاسایی و بەردەوامە لە داگیرکارییەکانی بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان.

باڵیۆزی ئێران وتی: ئەم هێرشە سەربازییانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە داگیرکاری ڕژێمی زایۆنیستی لە جۆلانی داگیرکراوی سوریا بەردەوامە. بۆ دەیان ساڵە ڕژێمی زایۆنیستی درێژە بە سیاسەتی لکاندنی نایاسایی و فراوانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی لەم خاکە داگیرکراوەدا داوە، لە کاتێکدا ئەم کردەوانە بە تەواوی پێچەوانەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشە.

ئیرەوانی بە ئاماژە بەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بووەتە جیددیترین و مەترسیدارترین هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە، وتی: ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی کردەوەی شەڕەنگێزیی ئەو ڕژێمە، هەروەها ئەو پشتیوانییە سیاسی و سەربازییە بێ مەرجەی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ڕۆژئاواوە وەریدەگرێت. ئەم حکومەتانە دەبێت بە تەواوی بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئاسانکاری بۆ کارە نایاساییەکان و تاوانە قێزەونەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، کە نەک تەنیا ئاسایشی ناوچەکە بەڵکوو ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیشیان خستوتە مەترسییەوە، لە ئەستۆ بگرن.

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: هێرشەکان بۆ سەر سوریا دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بێدەنگی ئەنجوومەنی ئاسایش و بێتوانایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕاگرتن، ڕژیمی زایۆنیستی هیچ کات ڕووبەڕووی هیچ دەرئەنجامێک نەبووەتەوە لەبەرامبەر پێشێلکارییە دووبارە و سیستماتیکییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە بێ سزای تەواو درێژە بە کردەوە شەڕانگێزییەکانی خۆی دەدات.

ناوبراو وتی: دەستدرێژی ئەم دواییە لە شەڕی 12 ڕۆژەی  دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران، پێشێلکارییەکی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ڕژیمی زایۆنیستی بە پشتیوانیی تەواو و بێ مەرجی ئەمریکا، بە ئەنقەست دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ژێر پارێزبەندی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدایە، لە گەڵ ژێرخانی مەدەنی، لەوانەش نەخۆشخانە و ناوچەی نیشتەجێبوون، کردە ئامانج.

ئەم دیپلۆماتکارە باڵایەی ئێران ڕایگەیاند: ڕیشەی ناسەقامگیری زۆر ڕوونە: داگیرکاری نایاسایی ڕژێمی زایۆنیستی، دەستدرێژیی دووبارە، پێشێلکردنی سیستماتیک و بەربڵاوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها ئەو پشتیوانییە بێ مەرجەی کە ئەم ڕژێمە لە ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشەوە وەریدەگرێت. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئەنجومەنی ئاسایش هەنگاو بنێت.

ناوبراو زیادی کرد: ڕژێمی ئیسرائیل هیچ پاساوێکی یاسایی و ئەخلاقی بۆ پێشێلکردنی سەروەری سوریا یان دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە، بە بیانووی فریودەرانەی پاراستنی مافی کەمینەکان نییە. ئەم جۆرە کارە نایاساییانە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە و دەبێت بە بێ هیچ دووفاقییەک  لە لایەن ئەم ئەنجومەنەوە ئیدانە بکرێن./.