بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی باپیر وتی: وەک کۆمەڵی دادگەری، هەمیشە لە گەڵ ستەمکاران دەستەویەخە بووین و خۆمان لە بەرەی خەڵکی بەشخوراو دەبینینەوە، هەمووکات لە گەڵ خۆسەپێنەران و ئەوانەی چاویان لە زوڵم و ستەم بووە، دەستەویەخە بووین بەڵام بە نەفەسی ئیسلامییەوە، شتی ناشرینمان لە خۆمان نەوەشاندووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە " زۆر کات وتوومانە هەرێمی کوردستان خێر و بێری زۆرە، بەڵام بە ئەمانەتەوە بەڕێوە نابرێت و لە دەستی ئەمیندا نییە، چۆن دەبێت خەڵک بۆ سێ مانگ بچێت بێ مووچە بێت؟ دەبێت بەرپرسان بێن و ئەگەر هۆکارێکیان هەیە بە ڕوونی بە خەڵک بڵێن هۆکاری ئەمەیە ".
عەلی باپیر ڕایگەیاند کە کۆمەڵی دادگەری لە گەڵ کەسێکدا مامەڵە ناکات کە ستەم بکات و وتی: ئێمە هەوڵمانداوە بە ئەدەب و ڕەوشت و ئەخلاقی بەرز، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان خۆمان بڕازێنینەوە، دەبێت ئەوەی بە خۆمی ڕەوا دەبینم بە خەڵکیشی ڕەوا ببینم، نابێت لە گەڵ خەڵکدا درۆ بکرێت.
ناوبراو وتی: کۆمەڵ هەوڵیداوە کارەکانی دامەزراوەیی بێت، سەربەخۆیی و هاوسەنگی خۆمان پاراستووە لە ڕووی فکری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە. هەوڵمانداوە لە تاتەرازووی کەسدا نەبین، لێرەوە دەڵێین لە تاتەرازووی کەسدا نین، لە گەڵ هەر کەسێکین کە حەقی پێیە، نەک لە سەرەتاوە بڕیارمان دابێت لە گەڵ یان دژی لایەنێک بین، نە دۆستی موتڵەقمان هەیە نە دوژمن. دۆستمان ئەوەیە کە لە سەر حەقە، دوژمنیشمان خراپە و کوفر و شیرکە. دژی هەڵەی خۆشمانین نەک هەر هەڵەی خەڵک، خۆشمان هەڵەمان هەبێت دژی دەبین، دانی پێدا دەنێین و لێی پەشیمان دەبینەوە.
عەلی باپیر وتی: ئەم هەڵبژاردنەمان لەپێشە، هیوادارین ئەو هەموو تەزویر و فرت و فێڵەی کە هەبوو، دووبارە نەبێتەوە، ئێمەش بڕیارمان داوە بەشداری بکەین./.