بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕژێمی زایۆنیستی چەندین هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی باشوری سوریا و هەروەها دیمەشق ئەنجامدا و دوو بارەگای هەستیاری حکومەتی کردە ئامانج کە بریتین لە کۆشکی سەرۆکایەتی و ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی سوریا.

ڕژێمی زایۆنیستی ئامانجی ئەم هێرشانەی بۆ  پشتیوانیکردن لە ئاسایشی خۆی و هەروەها پشتیوانیکردن لە درۆزەکان وەک کەمینەیەکی پەراوێزخراو گەڕاندووەتەوە.

بەڵام ئامانجە شاراوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە پشت درووشمی پشتیوانیکردن لە کەمینەکان لە سوریا، بە تایبەت درۆزەکان چین؟

درۆز بەربەستێکی ئەمنی لە سەر سنورەکانی باکور

درۆزەکانی سوەیدا نزیکن لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو، ناوچەیەک کە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە بە ناوچەیەکی " ئەمنیی زۆر هەستیار " دادەنرێت. زۆربەی درۆزەکانی سوریا لە باشوری وڵاتەکەدا ژیان بەسەردەبەن، بە شێوەیەکی سەرەکی لە پارێزگای سوەیدا، کە هاوسنورە لە گەڵ سنووری باکوری ڕۆژهەڵاتی فەڵەستینی داگیرکراو و جۆلانی داگیرکراو و ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵدەدات وەک " ناوچەی پاراستنی مەدەنی " ڕایبگەێنێت.

زۆرێک لە بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی باسیان لە گرنگی ئەم ناوچەیە کردووە. یسرائیل کاتس وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی، چەندین جار ئاماژەی بە باشوری سوریا و بەتایبەت ناوچەکانی نزیک جۆلانی داگیرکراو داوە، بە " خاڵەکانی ستراتیژی و ناوچەیەکی هەستیار "، ئاماژەی بەوەشکردووە کە بوونی سوپای ئەو ڕژێمە لەو ناوچانە پێویستە " بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی شارۆچکەکانی جۆلان و سنورەکانی باکور و سەرجەم دانیشتوانی ئیسرائیل ".

پشتیوانیکردنی درۆزەکان بۆ درووستکردنی ناوچەیەکی پارێزراوی ئەمنی

لە 23 ی شوباتدا نتانیاهۆ بە بیانووی " پشتیوانیکردن لە درۆزەکان " داوای داماڵینی سەربازیی باشوری سوریا بە پارێزگاکانی قونەیتەرە، دەرعا و سوەیداشەوە کرد.

وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستیش لێدوانی هاوشێوەیدا و وتی کە هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بە ئامانجی پشتیوانیکردنی درۆزەکان و جێبەجێکردنی سیاسەتی داماڵینی چەک بووە.

ئەم دوو وتەیە ئەوە دەردەخەن کە بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕاستەوخۆ دەیانەوێت " ناوچەی پارێزراو " یان ناوچەیەکی بێ چەک لە باشوری سوریا بە بیانووی " پشتیوانیکردن لە درۆزەکان " درووست بکەن.

بە واتایەکی دیکە، بوونی درۆزەکان لەم ناوچەیەدا پاڵپشتیکردنیان کردووەتە بیانوویەک بۆ داماڵینی سەربازیی باشوری سوریا، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجەکە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی تەلئەبیبە، کە لە دوای ڕووخانی دیمەشقەوە بەردەوام پێداگریی لە سەر کردووە.

هێشتا هەست بە هەڕەشەی ئێران دەکرێت

ترس لە ئێران شتێکە کە کاتس هیچ کات نەیشاردۆتەوە. ناوبراو سەرەتای ئەمساڵ وتی: ئیسرائیل ڕێگە نادات هەڕەشەی ئێران بگەڕێتەوە بۆ سنورەکانی باکور، جا لە لوبنانەوە بێت یان سوریا.

ناوبراو وتی: بوونی ئیسرائیل لە ناوچەی پاراستن، پێویستییەکی ئەمنییە بۆ پاراستنی خۆی لە هەر دزەکردنێکی ئەگەری لە لایەن ئێران یان هێزە هاوپەیمانەکانییەوە.

بۆیە پاڵپشتیکردنی درۆزەکان بووەتە بیانوویەک بۆ ئەوەی ڕژێمی زایۆنیستی بوونی خۆی بە سەر باشوری سوریادا بسەپێنێت و دزەکردن لە ناو درۆزەکاندا کراوە بۆ هاندانی هەندێک وەک پشتیوانیکردن لە ڕژێمی زایۆنیستی. ئەم جموجوڵانە کاتێک زیاتر بوو کە تیرۆریستانی سەر بە ئەحمەد شەرع یان ئەبومحەممەد جۆلانی، کوشتنی کەمینەکانیان چڕتر کردەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، زۆرینەی درۆزەکان هێشتا ڕژێمی زایۆنیستی بە دوژمنی ژمارە یەک دەزانن و خۆیان بە بەشێکی دانەبڕاو لە سوریا ناو دەبەن و هەر جۆرە هاوکارییەک لە گەڵ ئەو ڕژێمە ڕەتدەکەنەوە.

ڕۆڵی درۆزەکان لە سوپای زایۆنیستدا

بەپێی داتاکان، لە سەدا 5 ی ئەو کەسانەی کە ساڵانە پەیوەندی بە سوپای داگیرکاری زایۆنیستەوە دەکەن، درۆزن. ماڵپەڕی عیبری Jewish Standard ڕایگەیاندووە کە " دروزەکان بەرزترین ڕێژەی دامەزراندن لە سوپای ئیسرائیل پێکدەهێنن "، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگی درۆزەکان لە سوپای ئەو ڕژێمەدا.

بۆیە یەکێک لە ئامانجەکانی دروشمی " پشتیوانی لە درۆزەکانی سوریا " ئەوە بووە کە ڕێگری لە ناڕەزایەتییەکانی درۆزەکانی ئیسرائیل بکرێت، بەتایبەت ئێستا کە ئەو ڕژێمە ڕووبەڕووی کەمی هێزی مرۆیی لە سوپاکەیدا بووەتەوە.

لێرەدا "موفەق تەریف"، سەرکردەی ڕۆحی درۆزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، داوای لە تەلئەبیب کردووە دەستبەجێ بچێتە ناو سوەیداوە بۆ پشتیوانی لە درۆزەکانی سوریا و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، " ئەگەر برا سورییەکان پشتیوانی نەکرێن، ئەوا شایەتحاڵی ڕاپەڕینی درۆزەکان دەبن ".

ئەمەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی هەم پێویستی پێیەتی و هەم لێی دەترسێت. پێویستی بەوەیە بۆ ئەوەی پاساو بۆ بوونی خۆی لە باشوری سوریا بهێنێتەوە و ترسی هەیە چونکە یاخیبوونی درۆزەکان دەتوانێت کودەتایەک بێت لە ناو سوپایەکدا کە بە هۆی نزیکەی دوو ساڵ شەڕکردن لە بەرەکانی شەڕدا بە توندی ماندوو بووە.

دابەشبوونی سوریا لە بەرژەوەندی ڕژێمی زایۆنیستییە

لە سەرەتای دامەزراندنی ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵی ١٩٤٨ ەوە، ئامانجی سەرەکی ئەو ڕژێمە، لاوازکردن و دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەکە بووە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆی. سوریا یەکێکە لەو وڵاتانە. بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی چەندین جار دانیان بەوەدا ناوە کە نابێت سوریا بە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی بمێنێتەوە.

موشێ یەعلۆن وەزیری پێشووی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی 2016 دا وتی: ئەوەی پێویستە لە سەر سوریا بوترێت، ئەوەیە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی نامێنێتەوە.

هەورەها تام بن باراک، وەزیری هەواڵگریی ئەوکاتەی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: من باوەڕم وایە، لە کۆتاییدا، سوریا دەبێت دابەش بکرێت بەسەر چەند ناوچەیەکدا، دابەشکردن تاکە چارەسەرە.

بۆیە ململانێکانی باشوری سوریا و بیانووی پشتیوانیکردن لە درۆزەکان تەنیا دەبێتە هۆی داواکاری دابەشکردنی سوریا کە لە گەڵ ئامانجەکانی زایۆنیستەکاندا دەگونجێت.

دابەشکردنی سوریا دەبێتە دەرفەتێک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئەوەی دەستی بگاتە ئەو هۆزانەی کە لە لایەن حکومەتی ئێستای سوریاوە پەراوێزخراون و هەڕەشەیان لە سەرە، هەروەک چۆن لە ئێستادا لە گەڵ درۆزەکاندا دەکرێت.

درۆزەکان لە ڕووی هەواڵگرییەوە بەکاردەهێندرێن

 "شۆڵۆمی بەندەر " سەرۆکی دامەزراوەی ئامان، ڕۆژێک دوای ڕووخانی دیمەشق بە فەرمانی کاتس لە گەڵ شێخ تەریف کۆبووە بۆ دابینکردنی سەکۆیەکی هاوکاریی هەواڵگری لە گەڵ درۆزەکانی سوریا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە نزیک بەرزاییەکانی جۆلان لە پەرەسەندندابوون.

ماڵپەڕی Jewish Standard ڕاپۆرتێکی لە سەر گرنگی درۆزەکان لە ئەرکە هەواڵگرییەکاندا بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، " ئیسرائیل حسێب بۆ درۆزەکان دەکات لەم ڕووەوە، بەو پێیەی ئەوان " تێگەیشتنێکی قووڵیان لە چوارچێوەی ڕۆشنبیری و بنەماڵە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی سوریا " هەیە، ئەمەش بۆ ئەرکە نهێنییەکان زۆر گرنگە.

بەڵام هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ وەرگرتنی درۆزە سورییەکان لە پێناو جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانە تا ئێستا شکستی هێناوە. یوسف ئەلجەربوع، شێخی درۆزی سوری جەختی لەوە کردووەتەوە کە " خەڵکی سوەیدا پشتیوانی زێدی خۆیان و وڵاتەکەیان دەکەن و بە دڵسۆزی بۆی دەمێننەوە و هەر دەستوەردانێکی دەرەکی ڕەتدەکەنەوە "./.