بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمریکا دوای هەڵسەنگاندنێکی ئەمنی و بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان، کە هەڵگری پەیامی سیاسی و ستراتیژییە بۆ بەغدا و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە، دیپلۆماتکارەکانی دەگەڕێنێتەوە عێراق.
ماڵپەڕی ئەلعەرەبی ئەلجەدید ڕایگەیاندووە کە دوای چەند هەفتەیەک لە کشانەوەی بەشێکی دیپلۆماتکارەکانی بە هۆی گرژییە ئەمنییەکان و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و ئێران، ئەمریکا وردە وردە دیپلۆماتکارەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و کۆنسوڵخانەکەی لە هەولێر.
بڕیارەکەی ئەمریکا کە هاوکات لە گەڵ هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دەرکراوە، نەک هەر ڕەهەندی جێبەجێکاری هەیە، بەڵکوو چەندین پەیامی سیاسی و ستراتیژیی بۆ حکومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان لەخۆدەگرێت.
لەم بارەیەوە، تامی برۆس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە: " ستافی ئێمە وردە وردە دەگەڕێنەوە عێراق، لە کاتێکدا پێشتر، لە 12ی حوزەیران (ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و ئێران)، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی کشانەوەی کارمەندە ناپێویستەکانی لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و کۆنسوڵخانەکەی لە هەولێر دەرکردبوو، هەروەها لە ڕۆژانی 21 و 22 لە هەمان مانگدا، فەرمانبەری زیاتر ڕۆیشتن ".
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغدا بە ئەلعەربی ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە کە حکومەتی ئەمریکا بڕیاری داوە باری نائاسایی هەڵبگرێت و ستافی ناپێویست بگەڕێنێتەوە بۆ ئەرکی دیپلۆماسی خۆی لە عێراق، لە کاتێکدا ئەم کارە دوای هەڵسەنگاندنێکی ئەمنی گشتگیر و بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق سەبارەت بە ئاسایشی ستافی دیپلۆماسی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر ئەنجامدرا.
ئەو بەرپرسە عێراقییە کە داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتیشی: ئەم بڕیارە ڕەنگدانەوەی بەهێزبوونی متمانەیە بە ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی عێراق و جەختکردنەوەی حکومەت لە سەر پاڵپشتیی هەمەلایەنە بۆ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییە بیانییەکان و پێدەچێت حکومەت سەرکەوتوو بووبێت لە بەدیهێنانی ئەو کارە.
لە کاتێکدا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە لە سەر بڕیارەکە نەبووە، بەڵام ئەو بەرپرسە عێراقییە جەختی لەوە کردووەتەوە کە خۆڕاگریی عێراق پێشتر بەڵێنی بە حکومەت داوە کە هێرش ناکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا مەگەر لەو وڵاتەوە هێرش بکرێتە سەری ئەوان یان ئێران لە لایەن بنکەکانی ئەمریکاوە و تا ئێستاش ئەم پابەندبوونە هەر ماوەتەوە.
ئەیاد ئەلعەلی توێژەر لە پرسە ئەمنییەکانی عێراق لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: بە لای ئەمریکاوە بوونی زیاتری ئەو وڵاتە لە عێراق وەک ئامرازێک دەبینرێت بۆ ڕاگرتنی پێگە و دەستڕۆیشتوویی ئێران.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە ئەم هەنگاوە بە دانانی باڵیۆزی هەمیشەیی لە عێراق بێت، بەو پێیەی چەند مانگێکە ئەو پۆستە چۆڵ بووە. لە ئێستادا ستیڤن فیگن باڵیۆزی واشنتن لە یەمەن بە شێوەیەکی کاتی سەرۆکایەتی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئەمریکا لە عێراق دەکات دوای ڕۆیشتنی ئیلێنا ڕۆمانۆڤسکی باڵیۆزی پێشووی ئەو وڵاتە لە عێراق.
ئەو توێژەرە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارە ئەوەندەی بە مانای گەڕانەوە بۆ بارودۆخی پێش هێرشی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئێران ناتوانرێت وەک پەیامێکی دیاریکراو لێکبدرێتەوە، بەڵام بە گشتی نیشانەی ئەرێنیی بۆ عێراق هەیە./.