بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیرانی دەرمان لە میسر نەخۆشەکان بەتایبەت گرووپە کەم دەرامەتەکان لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەر و ئاستەنگی جیدی ڕووبەڕوو کردووەتەوە و توانای کڕینیان زۆر کەم بووەتەوە.

هەرچەندە ئامارەکان ئاماژە بە گەشەی گشتی فرۆشتنی دەرمان لە میسر دەدەن، بەڵام زۆرێک لە دەرمانخانەکان ڕووبەڕووی زیان بوونەتەوە، هەروەها هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و نەهێشتنی دەرمانی ماوە بەسەرچوو بێ ئەنجام بووە.

هەرچەندە لەسەدا 82 ی پێداویستییەکانی بازاڕی دەرمان لە لایەن پیشەسازیی ناوخۆوە دابین دەکرێت، بەڵام هێشتا کەلێنێکی قووڵ لە نێوان زۆری دەرمان و نرخە گونجاوەکانیان بۆ هاووڵاتیان هەیە.

هاوکات بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی دەرمان لە میسر کە هەر سێ مانگ جارێک بۆ دەرمانی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، بووەتە هۆی گەشەیەکی بەرچاو لە فرۆشی گشتیدا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئازاری نەخۆشەکانی بە تایبەت هەژاران دوو هێندە زیاد کردووە.

محەمەد شاهین، ئەمینداری گشتی کەرتی دەرمان لە یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی میسر، داواکاری کۆمپانیاکانی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی هەزار دەرمان بە ڕێژەی لە سەدا 10 ڕاگەیاند و وتی: بەرزبوونەوەی پێشوو دوای ئازادکردنی نرخی دراوی میسری نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارگرانییە نوێیەی کە بەسەر پیشەسازییەکەدا سەپێندراوە، بەس نییە.

سەرەڕای ئەوەی کە پیشەسازی دەرمانی ناوخۆیی لەسەدا 82 ی پێداویستییەکانی بازاڕی میسر دەگرێتەوە و تەنانەت هەناردەی بازاڕەکانی ئەفریقا و ئەورووپاش دەکرێت، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە.

بازاڕی دەرمان لەبەردەم قەیرانێکی نەختینەیی بێ وێنەدایە، ئەم کێشەیەش بە هۆی پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان ژمارەیەک کۆمپانیای دەرمانسازی و ڕێکخراوی کڕینی یەکگرتوو (دەزگای حکومی بەرپرسیارە لە دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان) سەریهەڵداوە.

قەرزەکانی ئەو ڕێکخراوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، زۆر حاڵەتیش هەبووە کە کۆمپانیاکان چەکیان لە بانکەکانەوە وەرگرتووە بۆ پارەی کاش، بەڵام ڕووبەڕووی نەبوونی پارە بوونەتەوە، لە کاتێکدا ئەم دۆخە کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆی لە سەر ڕەوتی بەرهەمهێنانی دەرمان لە وڵاتدا هەیە./.