بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوای ئەوەی ڕژێمی زایۆنیستی هێرشی کردە سەر ئێران، هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە زۆر ناوچەی ستراتیژی، گرنگ و هەستیاریان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کردە ئامانج.

یەکێک لە گرنگترین هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، هێرشی سەر دامەزراوەی وایزمەن بوو کە ناوەندی توێژینەوەی سەربازیی سوپای زایۆنیستە.

ئەو هێرشە کە لە کاردانەوەی بەرامبەر کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ناوەندە ئەتۆمییەکان و زانایانی ئێران ئەنجامدرا، نەک هەر ژێرخانی توێژینەوەی یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە ستراتیژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی کردە ئامانج، بەڵکوو لێکەوتەی قووڵی بۆ داهاتووی هاوکارییە زانستییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و پێکهاتەی دەسەڵاتی زانستی - بەرگریی ئەو ڕژێمە هەبوو.

ساڵانێک بوو دامەزراوەی وایزمەن بەشێکی زۆری وزەی خۆیی بۆ پرۆژەی تەکنۆلۆژیای سەربازی و هاوکاری لە گەڵ کۆمپانیاکانی چەک تەرخان کردبوو و هێرشی مووشەکی وردی ئێران بووە هۆی لەناوچوونی بەربڵاوی ئەم ژێرخانە و وەستانی دەیان پڕۆژەی ستراتیژی و سەربازی.

ڕادەی وێرانکارییەکان لە دامەزراوەی وایزمەن

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر دامەزراوەی وایزمەن نزیکەی لە سەدا 90 ی بیناکانی دامەزراوەکە زیانیان بەرکەوتووە و زۆرێکیان بە تەواوی وێران بوون.

هێرشەکەی ئێران دوو باڵەخانەی کردە ئامانج، یەکێکیان تاقیگەی زانستی ژیانی تێدابوو و ئەوی دیکەیان باڵەخانەیەکی لە قۆناغی درووستکردندا بوو کە بڕیار بوو بۆ خوێندنی کیمیا بەکاربهێنرێت. جگە لەوەش دەیان بینای دیکەش زیانیان بەرکەوتووە.

پڕۆفیسۆرێک لە دامەزراوەی وایزمەن کە تاقیگەکەی بە تەواوی لەناوچووە، ڕایگەیاندووە " زیانەکانی دامەزراوەکە زۆرن، دیمەنەکە وەک ناوچەیەکی جەنگ بوو ".

ئەو پڕۆفیسۆرە ڕایگەیاندووە کە زۆربەی گرووپە توێژینەوەییەکان لە وایزمەن بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان ئێستا دەبێت تاقیگە و شوێنی نوێ بدۆزنەوە.

خەمڵاندنە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوەکە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و دەتوانێت چەندین ساڵ بخایەنێت.

مامۆستایەکی زانکۆ لە دامەزراوەی وایزمەن جەختی لەوە کردەوە کە " هەموو چالاکییەکانی توێژینەوە لە وایزمەن لە ئێستادا ڕاگیراون و زاناکان پەنایان بۆ ماڵەکانیان بردووە ".

گورزێک لە هاوکاری زانستی لە گەڵ ئەورووپا

ڕاپۆرتێک لە میدیاکانی ڕۆژئاوا و زایۆنیستیدا باس لەوە دەکات کە دامەزراوەی وایزمەن لە ساڵی 1996 ەوە یەکێک لە گرنگترین وەرگرەکانی سندوقی توێژینەوەی یەکێتی ئەورووپا بووە و تەنیا لە پرۆگرامی " ئاسۆی ئەورووپا " زیاتر لە 600 ملیۆن یۆرۆی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

لە دوایین قۆناغی ئاسۆی ئەورووپا (2021 بەدواوە)، وایزمەن 118 پرۆژەی توێژینەوەی ئەورووپی بۆ خۆی ڕاکێشاوە کە 63 پرۆژەیان لە ئەنجومەنی توێژینەوەی ئەورووپی (ERC)ن. سێیەم دامەزراوەی سەرکەوتوو بووە لە ئەورووپا کە یارمەتییەکانی ERC وەرگرتووە، دوای زانکۆی کۆپنهاگن و زانکۆی تەلئەبیب. بەڵام لە گەڵ هێرشی ئێران، بەشێکی زۆری ئەو پرۆژانە ڕاگیراون یان لەناوچوون.

لەناوبردنی ژێرخانی توێژینەوەی سەربازی و ئەمنی

دامەزراوەی وایزمەن لە ساڵانی ڕابردوودا هاوکارییەکی بەرفراوانی لە گەڵ کەرتی بەرگریی ڕژێمی زایۆنیستی هەبووە، بەتایبەت کۆمپانیای سەربازیی ئەلبەیت سیستەم.

لە ساڵی 2024 وایزمەن گرێبەستێکی لە گەڵ کۆمپانیای ئەلبەیت واژۆ کرد بۆ بەرهەمهێنانی بایۆماتریاڵی پێشکەوتوو بۆ بەکارهێنانی بەرگری. هەروەها هەندێک لە زانایانی دامەزراوەکە سەرقاڵی پرۆژە بوون بۆ پاراستنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان. ئەم هاوکارییانە دامەزراوەکەیان کردە بەشێک لە ئیکۆسیستەمی بەرگری - تەکنەلۆژیایی ڕژێمی زایۆنیستی.

پێدەچێت ئەمە ڕوونکردنەوەیەک بێت بۆ هەڵبژاردنی وایزمەن وەک ئامانجی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران. دوای ئەوەی بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی سەردانی شوێنەکەیان کرد، پرۆفیسۆرەکانی دامەزراوەکە ڕایانگەیاند: " ڕوون بوو کە ئەم هێرشە بە ڕێکەوت  نەبووە، دوو مووشەک بە وردی بەر بینا هەستیارەکانی دامەزراوەکە کەوتووە ".

قەیرانی شەرعییەتی زانستیی ڕژێمی زایۆنیستی

هێرشەکەی سەر وایزمەن نەک هەر ژێرخانی زانستیی زایۆنیستەکانی کردووەتە ئامانج، بەڵکوو بووەتە هۆی قەیرانی شەرعییەتی ڕژێم لە بواری زانستیدا.

هاوکات لە گەڵ لەناوچوونی دامەزراوەی وایزمەن، بەشێک لە بەکارهێنەران و شرۆڤەکاران لە سۆشیاڵ میدیا، وێڕای بڵاوکردنەوەی وێنەی لەناوبردنی تاقیگەکان، ئاماژەیان بە ڕۆڵی دامەزراوەکە داوە لە هاوکاریکردن لە گەڵ پیشەسازی بەرگریدا.

گورزێکی ستراتیژی

وا دیارە هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر دامەزراوەی وایزمەن تەنیا کردەوەیەکی ڕەمزی نەبووە؛ هێرشێکی ورد و پلان بۆ داڕێژراو بوو بۆ سەر ژێرخانی زانستی و سەربازیی درێژخایەنی ڕژێمی زایۆنیستی. ئەم هێرشە هەم توێژینەوەی سەربازیی پەکخستووە و هەم ناوبانگی زانستیی ئەو ڕژێمەی لە جیهاندا خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

ئێران بەم کردەیە پیشانیدا کە دەتوانێت گورزی کاریگەر لە " شەڕی زیرەک "دا نەک تەنیا لە ئامانجە سەربازییەکان، بەڵکوو لە ناوەندە ستراتیژییەکانی زانست و تەکنۆلۆژیای ڕژێمی زایۆنیش بدات؛ ئەو لێدانانەی کە ڕەنگە ساڵانێکی زۆری پێبچێت بۆ قەرەبووکردنەوەی./.