بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە نزیکەی 55 هەزار ژنی دووگیان لە کەرتی غەززە بە هۆی بەردەوامیی دەستدرێژی ڕژێمی زایۆنیستی و گەمارۆی توندەوە لە بارودۆخێکی مرۆیی و تەندرووستی خراپدا دەژین.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە مانگی داهاتوودا هەزاران لەو ژنانە منداڵیان دەبێت، هاوکات نەخۆشخانەکان ڕووبەڕووی کەمیی کەرەستەی پزیشکی و پێداویستییە سەرەکییەکان بوونەتەوە. هەروەها بەشی منداڵبوون فشارێکی زۆریان لە سەرە و ڕووبەڕووی کەمی هێزی مرۆیی بوونەتەوە.

سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە کە لانیکەم 11 هەزار ژنی دووگیان مەترسی برسێتی و بەدخۆراکی توندیان لە سەرە، ئەمەش پرسێکە مەترسی لە سەر ژیانی خۆیان و کۆرپەکانیان درووست دەکات و ئەگەری ئاڵۆزیی جیدی لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا زۆر زیاد دەکات.

نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوامیی گەمارۆ و ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی خۆراک و یارمەتییە پزیشکییەکان دۆخی مرۆیی لە غەززە کارەساتبارتر کردووە، داوای کاری بەپەلە و هاوئاهەنگی جیهانی دەکرێت بۆ وڵامدانەوەی پێداویستییە بەپەلەکانی ژنانی دووگیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی و خۆراکی بۆ خۆیان و کۆرپەکانیان./.