جام کوردی ـــ ٣١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی(٢٢ی تەمووزی ١٩٨٨) هاوکات لەگەڵ چێژی قوربان و پاش پەسەندکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨، پێنج فڕۆکەی بومڕێژکراوی سوپای بەعسی عێراق چند گوندێکی ڕۆژئاوای وڵاتی ئێرانیان کردە ئامانج.
زۆرترین قوربانیەکان خەڵکی گوندی "زەردە" بوون، ٢٧٥ شەهید و ١ هەزار و ١٤٦ بریندار. ئێستا ٣٧ ساڵ پاش ئەو کارەساتە، هێشتاکوو کاریگەرییەکانی لەسەر جەستە و ڕۆحی مرۆڤەکان ماوەتەوە و زۆرێک لە بەرکەوتووان لە ڕەوتی ناساندنیان وەک گیانبار (خاوەنی پێداویستی تایبەت لە ئەنجامی شەڕ بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی) هێشتاکوو دۆسیەکانیان یەکلانەبۆتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی؛ ٣١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی (٢٢ی تەمووزی ١٩٨٨) لە کاتێکدا بڕیارنامەی ٥٩٨ پەسەند کرابوو و شەڕ کۆتایی هاتبوو و خەڵک جەژنی قوربانی دەگێڕا، دانیشتووانی سنووری پارێزگای کرماشان لەوانە سەرپۆل زەهاو و قەسرشیرین و گیلانی ڕۆژئاوا خۆیان ئامادە دەکرد بۆ گەڕانەوە بۆ شارەکانیان و دووبارە بنیاتنانەوەی ماڵ و حاڵی خۆیان، کە لەناکاو پێنج فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی سوپای بەعسی عێراق بە بۆمبی کیمیایی ناوچەکانی "زەردە" و "باباجانی" و دەوروبەری "سەرمیل" لە پارێزگای "داڵاهۆ" و گوندەکانی "نساردیرە" و "نساردیرەی گەورە" و "شاماردیرە" لە پارێزگای گیلانی ڕۆژئاوا و "شێخ سڵە" لە قەزای شاری "سەلاس باواجانی" و گوندی "دوودان" لە پارێزگای "پاوە"یان کردە ئامانج و زۆرترین زیان بەر گوندی "زەردە" کەوت کە تێیدا ٢٧٥ گوندنشین شەهیدبوون و ١ هەزار و ١٤٦ کەسیش برینداربوون.
ئێستا ٣٧ ساڵ بەسەر ئەو بۆردومانە سامناکەدا تێپەڕیوە و تا ئێستاش خەڵکی گوندی زەردە لەگەڵ برینەکانی ئەو ڕۆژانەدا ژیان بەسەر ئەبەن. سەرەڕای بەڕێوەبردنی کۆمیسیۆنی پزیشکی جۆراوجۆر، هەندێک لە بەرکەوتووانی ڕووداوەکە هێشتا وەک گیانبار لە ئەژمار ناین، لەوانە "سەید یوسف حوسێنی"، لە دانیشتوویانی گوندی "زەردە" کە ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەم بابەتە دەربڕی و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "کاریگەری ماددە کیمیاییەکان لەسەر چاو، پێست، سییەکان، و دەمارەکانی دانیشتوانی گوندی زەردە بەزۆری دیارە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لە پشکنینە پزیشکییەکاندا بۆ دیاریکردنی گیانبار، تەنیا سییەکان لەبەرچاو دەگیردرێن، و هەروەها ڕادەی زیان و تێوەگلانی تاکەکان لە ڕێگەی سپایرۆمێتری و سی تی سکانی سییەکانەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت. بێگومان زۆرێک سەرەڕای ئەوەی کێشەی سییەکانیان بە هۆی ماددەی کیمیاییەوە درووست بووە، ناتوانن ڕووبەڕووی پشکنینەکان ببنەوە و ناڕەزایەتیان بەرامبەر شێوازی ئەنجامدانی پشکنینەکان دەرئەبڕن"
کیمیابارانی گوندی زەردە تەنانەت کاریگەری لەسەر نەوەکانی داهاتوو دادەنێت، منداڵان بە کەموکوڕی لەدایک دەبن. زۆرێک لەو گرفت و نەخۆشیانەی کە پاش کیمیابارانەکە سەریان هەڵدا، لە نەوەکانی دواتری خەڵکی گوندەکەدا دەبینران و ژمارەی لەبارچوون و لەدایکبوونی منداڵی پێشوەختە و کەموکوڕی و کێشەی دەمار و پرسەکانی دیکە تا ئێستاش هەر دیارە.
"زەردە" بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر تاوانەکانی سەدام حوسێن کە کاریگەرییە شوومەکەی تا ئێستاش داوێنی دانیشتوانی ئەم گوندە مێژووییەی گرتووە و وازیان لێ ناهێنێت.