بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، شاندەکەی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، شەوی دووشەممە نیویۆرکی بەجێهێشتووە. ئەو نوێنەرایەتییە جەختی کردەوە کە ئەم گەشتە "بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە پێشتر لە ڕێکەوتی ١٧ی سێپتەمبەر (٢٦ی خەرمانان) بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیەندرا بوو" ئەنجام دراوە.
نوێنەرایەتی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە: "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوای ئەوەی لە بەدەستهێنانی هەر جۆرە دەستکەوتێک شکستی هێناوە، ئێستا پەنای بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و بێ ناوەرۆک بردووە."
ئەم کاردانەوەیەی ئێران دوای ئەوە هات کە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە ڕاپۆرتێکدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەمریکا داوای لە شاندی ئێران کردووە نیویۆرک بەجێبهێڵن. هەرچەندە ئەو ماڵپەڕە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا دانی بەوەداناوە کە عەباس عێراقچی "لە پێشەوە بڕیاری وابووە شەوی دووشەممە بگەڕێتەوە تاران."
شارەزایان ئەم جۆرە هەواڵسازانەی میدیاکانی ئەمریکا وەک بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان و گوشاری میدیایی بۆ سەر دیپلۆماتکارانی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکدەدەنەوە.