بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەموو ساڵێک 31 ی پووشپەڕ (22 ی تەمموز) دووبارەبوونەوەی یەکێک لە تاڵترین ڕۆژەکانی مێژووە بۆ دانیشتوانی گوندی زەردە؛ گوندێکی بچووک لە دڵی داڵاهۆ کە بەیانی ئەو ڕۆژە سەدان ژن و پیاو و منداڵ بوونە قوربانیی غازی خەردەڵ کاتێک بۆمبی کیمیایی لێیدا. ئەمڕۆش زۆرێک بە هەناسەدانی قورس و ئازارێکی بەردەوام ژیان پێناسە دەکەنەوە؛ زەردە هێمای زوڵم و چەوساندنەوەیە کە ساڵانە برینەکانی لە بێدەنگیی دونیادا نوێ دەبنەوە.

بۆ خەڵکی زەردە، 31 ی پووشپەڕ تەنیا بەروار نییە؛ بۆ سی و حەوتەمین ساڵە گوندی زەردەی داڵاهۆ، لە بێدەنگی جیهانیدا، یادی نەخوازراوی ئەو ڕۆژە بەبیر دێنێتەوە کە 275 کەس لە دانیشتوانی لە ژێر بۆمبی کیمیاییدا گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش تا ئێستا لە گەڵ کاریگەرییەکانی هێرشەکەدا دەژین، برینێک کە هەرگیز ساڕێژ نەبووە.

گوندی "زەردە" دەکەوێتە ناوچەی ڕێژاو، لە بناری ناوچەی داڵاهۆ، 40 کیلۆمەتر لە شاری کرندی غەرب و 140 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کرماشانەوە دوورە و ژمارەی دانیشتوانی 1500 کەسە. دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لە ساڵی 1988 ەوە بەدەست کاریگەرییەکانی چەکی کیمیایی و کوشتنی بەکۆمەڵەوە دەناڵێنن.

بەیانییەکی هاوین، کابوسێکی کیمیایی

بەرەبەیانی 31 ی پووشپەڕی 1367 ی کۆچی هەتاوی (1988)، تەنیا چەند ڕۆژ دوای قبوڵکردنی ئاگربەست، خەڵکی زەردە بۆ ڕێوڕەسمێکی ئایینی لە نزیک مەزارگەی بابا یادگار کۆبوونەوە. لەناکاو پێنج فڕۆکەی شەڕکەری عێراقی لە ئاسمانی گوندەکەدا دەرکەوتن و چوار بۆمبی 250 کیلۆگرامی پڕ لە غازی خەردەڵی کوشندەیان بە سەر خەڵکەکەدا فڕێدا؛ دووکەڵی ژەهراوی و بۆنێک وەکوو سیر هەموو گوندەکەی پڕکرد، باڵندەکان لە لقەکانەوە کەوتنە خوارەوە و یەک بە یەک خەڵک هەناسەیان لەدەستدا.

ئامارێکی تاڵ، برینێکی کۆن

هەر لەو ڕۆژەدا 275 کەس لە ژن و منداڵەوە تا بەساڵاچوو شەهید بوون و زیاتر لە هەزار و 100 کەسی دیکەش ژەهراوی و بریندار بوون. زۆرێک بەپەلە خۆیان فڕێدایە ناو کانیاوی غوسلان لە دەورووبەری گوندەکەدا، بەڵام تاڵترین شت ئەوە بوو کە یەکێک لە بۆمبەکان بەر کانییەکە کەوتبوو (سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی بۆ گوندەکە)، هەناسەکانی هیوای کردە مردنێکی ئارام.

زۆرێک ڕایانکرد بۆ کانیاوی غوسلان بۆ ئەوەی خۆیان ڕزگار بکەن، دانیشتووان ئاوەکەیان خواردەوە کە بە غازی خەردەڵ پیس بوو و هەر لەوێ لە لای کانییەکە گیانیان لەدەستدا. تا نیوەڕۆ 275 کەس شەهید بوون و زیاتر لە هەزار و 100 کەسیش بریندار بوون و بەر چەکی کیمیایی کەوتبوون.

ئازاری بێکۆتایی قوربانیانی لەبیرکراوی بۆردومانی کیمیایی

ساڵانێکە دوای ئەم کارەساتە بێدەنگە، خەڵکی گوندەکە لە گەڵ کاریگەرییە لاوەکییە کیمیاییەکان و جۆرەها جۆری شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی پێست و سییەکان و تەنانەت دەرئەنجامەکانی بۆ نەوەی داهاتوو (لە لەبارچوونەوە تا لەدایکبوونی منداڵی کەمئەندام) خەریکی ململانێن. کۆکە و هەناسەبڕکێ بەشێکی بەردەوامی مۆسیقای ژیانە بۆ زۆرێک لە ڕزگاربووان.

گوندەکە، قوربانیی بێدەنگی ئەو جیهانەی کە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکات

بۆمبەکان بەرهەمی ئەو کارگانە بوون کە لە لایەن ڕۆژئاواوە بە سەدام فرۆشرابوون، ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ خۆیان بە لایەنگری مافی مرۆڤ دەزانن. ساڵانێکە جیهان پشتی لەم تاوانە کارەساتبارە کردووە و دوای 37 ساڵ هێشتا برینی زەردە بە بێ ساڕێژ ماوەتەوە.

زەردە تەنیا نییە، هێمای هەموو قوربانیانی چەکی کیمیاییە کە هەموو ساڵێک منداڵان و نەوەی نوێ هێشتا بە کۆکە و چاوی کەم بیناوە وانەی ستەم و بەرخۆدان فێری یەکتر دەکەن. ئەمڕۆ هەر بستێک لەم خاکە بەڵگەنامەی تاوانێکە کە نە دەبێت لەبیر بکرێت و نە بێ وەڵام بمێنێتەوە.

گێڕانەوەی ڕزگاربووان: ئازاری بێکۆتایی کارەساتێک

ئەمڕۆ زەردە تەنیا گوندێک نییە، هێمایەکی زیندووە بۆ دڕندەیی شەڕی کیمیایی و لەبیرچونەوەی جیهانی. جیهان دەبێت چەندین جار ئەم چیرۆکە تاڵە ببیستێت: خەڵکی زەردە هێشتا هەناسە دەدەن بەو هەوایەی کە بە غازی خەردەڵ پیس بووە، بەڵام وەستاون و شایەتحاڵن بۆ ئەوەی ستەمەکەیان لەبیر نەکرێت.

یەکێک لە قوربانییە کیمیاییەکانی زەردە ڕایگەیاندووە کە " لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا لە نزیک مەزارگە بووین، لە پڕ هەموو شتێک کاڵ بووەوە و بۆنێکی ناخۆش هەوای پڕ کرد... منداڵەکانمان لە باوەش گرت و بەرەو کانیاوەکە ڕامانکرد، بەڵام ئاوەکەش پیس بوو. دوای ئەو ڕۆژە ژیانمان هەرگیز وەک جاران نەبوو؛ کۆکە و ئازار هەموو شەوێک میوانی ماڵەکەمانن ".

دایە شەوکەت، دایکی یەکێک لە قوربانیانی ئەو تاوانە بێدەنگە، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ڕایگەیاندووە کە " هاوسەر و براکەم شەهید بوون، منداڵەکانم تا ئێستاش لە گەڵ هەناسە تەنگی و برینەکانی پێستدا ململانێ دەکەن، منیش بە درێژایی تەمەنم بە هاوکاری دەرمانی هەناسەدان هەناسە دەدەم "./.