سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ لە کارنامەکەدا نییە. ئەنجوومەن چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆکانی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵە، چونکە ئەگەری گۆڕانکاری لە ڕەشنووسی بودجەدا هەیە.پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٤دا ٢٠ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار دینار بوو، بەڵام لە ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧دا بۆ ١٣ تریلیۆن و ٧٩٩ ملیار دینار دیاری کراوە؛ لە کاتێکدا کۆی بودجەی عێراق زیاتر لە ٢١٧ تریلیۆن دینارە. لەبەر ئەمە، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر پشک و مافە داراییەکانی هەرێم گەیشتووەتە بەغدا.