ئەو کچە لاوە لە پەیامەکەیدا کە بە زمانێکی پڕ لە حەماسەت و نیشتمانپەروەرییەوە پێشکەشی دەکات، ڕەخنەی توند لە لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتی پێشوو دەگرێت و جەخت لەسەر سەروەری گەل و نیشتمان دەکاتەوە.
ناوبراو لە وەڵامی بانگەشەکان بۆ گەڕانەوەی "شازادە" و دەستێوەردانی دەرەکی، دەڵێت: "شازادە ناگەڕێتەوە، شازادە ئەو میللەتەیە کە لە مەیدانەکەیە.
بۆچی دەبێت کەسێک لە دەرەوە چاوەڕێی ئەوە بێت ئێمە ڕێگای بۆ خۆش بکەین تا بێتە سەر کورسی دەسەڵات؟"
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە خەڵکی ئێران هوشیارن و مێژووی خۆیان دەناسن،
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێران لە هاوکێشە جیهانییەکانی داهاتوودا پێگەیەکی ستراتیژی و بەهێزی دەبێت و نایەوێت ببێتە پاشکۆی هیچ وڵاتێک.
ئەم دەرکەوتنەی کچە ئێرانییە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا لەلایەن بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە هەرێمی کوردستان.
بەشێک لە بەکارهێنەران ئەم هەڵوێستەیان بە نیشانەی هوشیاری نەتەوەیی و پاراستنی سەروەری خاک وەسف کرد.
لەم بارەیەوە، زانیار کوردی نوسیویەتی: "خەڵکی ئێران چاوکراوە و تێگەیشتوون و ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە نیشتمانپەروەری لە ئاستێکی باڵادایە."
هاوکات قاسم حەسەن لە کۆمێنتێکدا ستایشی هەڵوێستی کچەکەی کردووە و نوسیویەتی: "تۆ شەریفیت و خاکفرۆش نیت، خوا بتانپارێزێت لە دەست دوژمنان."
هاوڵاتییەکی تر بە ناوی نەبەرد دەباغ ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئێرانییەکان گەلێکی خوێندەوار و هوشیارن و ڕێگە نادەن وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی ئەجێندای دەرەکی."
ئەم گرتە ڤیدیۆییە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی هۆشیاریی نیشتمانی لە ناوچەکەدا سەری هەڵداوە و گەنجان بە ئاشکرا دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی دەوەستنەوە کە ئاسایشی وڵاتەکەیان بخاتە مەترسییەوە.