جام کوردی - بەڕێوەبەری گشتی میراتی فەرهەنگی، گەشتوگوزار و پیشەی دەستی کرماشان، ڕەخنەی لە گرنگی نەدان بە فایلی تۆماری جیهانی تەوەری ئەشکانی ـــ ساسانی گرت و ئەم پڕۆژەیەی بە گرنگترین پڕۆژەی میراتی فەرهەنگی لەو پارێزگایەدا زانی و وتی: بۆ تەواوکردنی ئەم دوسییە، پێویستە هەستیاری و پشتیوانیی جیددی لەسەر ئاستی نیشتمانی و پارێزگاکاندا دروست بکرێت.

کیومەرس ئەعزەمی، بە ئاماژەدان بە گرنگی پڕۆژەی تۆمارکردنی جیهانی دیمەنی شوێنەواریی ئەشکانی ـــ ساسانی، ڕایگەیاند: ئەم تەوەرە مێژووییە کە درێژییەکەی نزیکەی 515 کیلۆمەترە و لە پەرستگای ئاناهیتا لە کەنگاوەرەوە دەست پێدەکات و درێژدەبێتەوە تا دەگاتە هەیوان مەداین لە عێراقدا و زیاتر لە 40 شوێنەواری مێژوویی لەخۆدەگرێت.

ناوبراو زیادی کرد: لەم ڕێگایەدا شوێنەوارگەلێک وەک پەرستگای ئاناهیتا، تاق وەسان و کۆشکی خوسرەو هەڵکەوتوون، کە لە لیستی کاتی تۆماری جیهانیدان و تۆمارکردنی ئەم تەوەرە دەتوانێت بنەمایەک بۆ تۆمارکردنی جیهانی کۆمەڵێک لە گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکانی کرماشان دابین بکات.

بەڕێوەبەری گشتی میراتی فەرهەنگی کرماشان بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 1401دا دەستی پێکردووە بەڵام خرایە پەراوێزەوە، وتی: بەمەبەستی تەواوکردنی دوسییەکە و تۆمارکردنی لەسەر ئاستی جیهانی، جگە لە بەدواداچوونی پارێزگاکان، هاوکاری و ڕاوێژکاری بەرفراوان لەگەڵ لایەنی عێراقی و پاڵپشتی حکومەت و وەزارەتی میراتی فەرهەنگی، پێویستە.

ئەعزەمی بودجەی پێویست بۆ ئەم پڕۆژەیە لە نزیکەی 1 هەزار و 700 ملیارد ڕاگەیاند و زیادی کرد: هەوڵەکان دەدرێت بۆ خێراکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی ئەم گەورە پڕۆژەیە بە وەرگرتنی مۆڵەتی پێویست و تەرخانکردنی ڕیزی بودجەی نیشتمانی.

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تۆمارکردنی جیهانی ئەم تەوەرە تەنیا دەستکەوتێکی کولتووری نییە، ئاماژەی بەوەدا: پتەوکردنی پەیوەندییە کولتووری و سیاسییەکان لەگەڵ عێراق، زیادکردنی ئاسایش، ڕاکێشانی وەبەرهێنان، پەرەپێدانی گەشتیاری و بەهێزکردنی ئابووری ناوخۆیی لە گرنگترین سوودەکانی ئەم پڕۆژەیە بۆ کرماشان و ناوچەکانی دراوسێی عێراق دەبێت.

ئەعزەمی هەروەها ئاماژەی بەوەدا: جگە لە بەهای مێژوویی، ئەم تەوەرە بەستراوەتەوە بە ڕێڕەوی ئەربەعینی حوسێن و ئەو ناوچانەی پەیوەستن بە بەرگریی پیرۆزەوە، ئەمەش گرنگییەکەی دوو هێندە زیاد کردووە.