سامر قاسم داود بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەكانی عێراق راگەیاند، بڕیاری ژمارە ٩٥٧ی ساڵی ٢٠٢٥، پێش دوو مانگ گشتاندنی پێكراوە بۆ هەموو دامودەزگاكان، بۆیە بڕیارەكە كتوپڕ نەبووە و بازرگانان پێشوەختە لێی ئاگادار كراونەتەوە. زیادكردنی باجی گومرگیش تەنیا بۆ كەلوپەلە لاوەكییەكانی وەك ئامێری كارەبایی، زێڕ و ئۆتۆمبێل بووە.

بەگوێرەی سیستمی ئەسیكۆدا كە لە عێراق كاری پێدەكرێت، رێژەی باجی گومرگی لەسەر هاوردەكردنی زێڕ لە ٥%ـی نرخەكەیەتی، لەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە ١٥%ـەوە دەستپێدەكات، ئەمەش بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەكە و كارایی ژینگەیی دەگۆڕێت بە ئۆتۆمبێلە هایبریدەكانیشەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەكانی عێراق، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان، كە مادە خۆراكییەكان، دەرمان و پێداویستییە سەرەكییەكان كاریگەرییان لەسەر نەبووە، یان ئەگەر گۆڕانكارییەكیش هەبێت، زۆر كەم و گونجاو دەبێت.