رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: بە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو، توانراوە نزیکەی هەزار بیری ئاو لە ناوەندیی شاری هەولێر بکوژێنرێنەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر زیادبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی هەبووە و دەبێت.

هەروەها ئاماژەیدا، بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی گەیاندنی خێرای ئاوی هەولێر، ئێستا لە هەر کاتژمێرێکدا 20,000 مەتر سێجا ئاو بۆ گەڕەکەکانی ناو شاری هەولێر دەنێرێت؛ رابەر حوسێن گوتیشی "بۆ هاوینی ئەمساڵ هیچ کێشەیەکی دابینکردنی ئاوی ماڵانمان نابێت، مەگەر تەنیا لە حاڵەتە نەخوازراوەکانی تەکنیکی، وەک شکانی بۆری، کێشەی کارەبا یان سووتانی مۆتۆڕەکان، لە هەر حاڵەتێک وەهاشدا بە زوویی و لە ماوەیەکی کورتدا، گرفتەکان چارەسەر دەکرێن."

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر وردەکاری بڕی ئاوی دابینکراوی بۆ ناو شاری هەولێر خستەڕوو کە سەرجەم پڕۆژەکان توانای دابینکردنی 35,500 مەترسێجای ئاوی پاکیان هەیە بۆ ناوەندی شاری هەولێر و دەوروبەری؛ تواناکانیش بەمشێوەیە دابەشبوون:

پرۆژەی فریاگوزاریی / 20,000 مەترسێجا

ئیفراز سێ / 10,000 مەترسێجا

ئیفراز دوو / 2500 مەترسێجا

ئیفراز یەک / 1500 مەترسێجا

پرۆژەی خاڵتەکان / 1500 مەترسێجا

رابەر حوسێن گوتی "بەگوێرەی ستانداردەکان و توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی عێراق، هەر تاکێک رۆژانە پێویستی بە 240 لیتر ئاو هەیە، بەڵام لە وەرزی هاویندا بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرەکانی فێنککەرەوە، بڕی پێویستی بۆ 400 لیتر بەرز دەبێتەوە، ئەمەش لە سەرووی ستانداردە جیهانییە. 

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر داوای لە هاووڵاتیان دەکات، پابەندی رێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکەی بن و ئاو بەفیڕۆ نەدەن. جەختیشیکردەوە، "ئەو ئاوەی دابین دەکرێت تەنیا بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی ناوماڵە (Domestic Use)، نەک بۆ شووشتنی شەقام و ئاودانی باخچەکان". 

گوتیشی "بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە سنووری کەسنەزان، لێکۆڵینەوەی ورد دەکەن و چەندین بیر بۆ دیاریکردنی ئاستی گۆڕانکارییەکانی ئاوی ژێرزەوی تەرخانکراون و بەردەوام پێوانە بۆ بەرزبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی دەکرێت، بە گوێرەی پێوانەکان ئاوی ژێر زەویی بە رادەیەکی باش بەرزبووەتەوە"؛ ئەمەش لە کاتێکدایە بە گوێرە پێوانەکانی ساڵی رابردوو، بەهۆی کەمبارانی و بەکارهێنانی بیرەکانی ئاو، ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە لە سنووری کەسنەزان 700 مەتر و لە ناوەندی شاریش 500 مەتر دابەزی بوو، بەڵام ئێستا بەداخرانی سەرجەم بیرەکانی ناوەندی شاری هەولێر و بەهۆی بەفر و بارانی زۆری ئەمساڵ و گلدانەوەی ئاو لە پۆند و بەنداوەکاندا، پێشبینی زیادبوون و بەرزبوونەوە ئاوی ژێر زەوی دەکرێت.