بۆ تاوتوێکردنی ڕاستوڕەوانی ئەم پێشبینییانە، پەیامنێری (جام کوردی) گفتوگۆیەکی لەگەڵ بیلال خەیات، چاودێری سیاسی و ستراتیژی ئەنجامدا. ناوبراو بە ئاڕاستەی پێچەوانەی زۆربەی چاودێران، تەحەدای ئەو تیۆرییە باوە دەکات و لە ڕێگەی سێ بەڵگەی ستراتیژییەوە دەسەلمێنێت کە بۆچی کۆتایهاتنی مۆندیال نابێتە سەرەتای چوونە ناو دۆزەخی جەنگ.
یەکەم: هاوسەنگیی تۆقاندنی ئەتۆمی و موشەکی
بیلال خەیات لە سەرەتای شیکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد:
"ئێران لە ئێستادا گەیشتووەتە قۆناغی (لێواری ئەتۆمی)، واتە توانای تەکنیکیی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە بەبێ ئەوەی ڕایبگەیەنێت."
ئەو چاودێرە ستراتیژییە پێیوایە عەقڵیەتی سەربازی لە پنتاگۆن باش دەزانێت کە هێرشکردنە سەر دەوڵەتێک بەم پێگە و تۆڕە فراوانەی موشەکی بالیستی و درۆنەوە، باجەکەی تەنیا شەڕێکی ناوچەیی نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی وێرانبوونی تەواوی ژێرخانی سەربازی و ئابوری ئەمریکا لە ناوچەکەدا. خەیات جەختی کردەوە کە ستراتیژی نیشتمانیی ئەمریکا هەمیشە لەسەر بنەمای (شەڕی گەرەنتی کراو) داڕێژراوە، و کاتێک گەرەنتی بۆ سەرکەوتنی بێباج نەبێت، بڕیاری جەنگ لە واشنتۆن واژۆ ناکرێت.
دووەم: هاوکێشەی نوێی جیۆپۆلەتیکی چین و ڕووسیا
سەبارەت بە پێگەی نێودەوڵەتی تاران، خەیات بۆ (جام کوردی) ڕوونیکردەوە کە ئێران چیتر لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە گۆشەگیر نییە. واژۆکردنی ڕێککەوتنامە ستراتیژییە درێژخایەنەکان لەگەڵ پەکین و مۆسکۆ، هێڵێکی سووری ناڕاستەوخۆی بە دەوری ئێراندا کێشاوە.
بە گوتەی ئەو چاودێرە، چین بۆ دابینکردنی ئاسایشی وزەی خۆی، و ڕووسیا بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز دژی ڕۆژاوا، ڕێگە بە ڕووخانی سەربازیی ئێران نادەن. هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە مانای ڕووبەڕووبوونەوەی بەرژەوەندییە گەورەکانی چین و ڕووسیا دێت، ئەمەش واشنتۆن ناچار دەکات لە جیاتی بژاردەی سەربازی، هەمیشە پەنا بۆ دیپلۆماسیی سزاکان ببات.
سێیەم: جیۆپۆلەتیکی گەرووی هورمز و دەروازە ئاوییەکان
لە درێژەی گفتوگۆکەدا، بیلال خەیات دەستی خستە سەر شادەماری ئابوریی جیهان و ڕایگەیاند: کێشەکە تەنیا نەوت نییە، بەڵکو تێکچوونی تەواوی سیستەمی دابینکردنی کاڵا و بیمەی دەریاییە لە جیهاندا. ئێران خاوەنی قوفڵی ئەم گەرووەیە و پێویستی بە هێزی کلاسیکی گەورە نییە بۆ داخستنی، بەڵکو تەنیا بە چەند مینێکی دەریایی و درۆنی کورت مەودا دەتوانێت بازرگانیی جیهانی ئیفلیج کات.
ناوبراو هۆشداری دا کە داڕوخانی ئابوریی جیهانی و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان کە لە ئەنجامی ئەم جەنگە دەکەوێتەوە، مەترسییەکی گەورەترە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە خودی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران.
دەرەنجام: نە جەنگ و نە ئاشتی
بیلال خەیات لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ (جام کوردی) گەشبینی خۆی نیشاندا بەوەی کە پاشەکشە لە بژاردەی سەربازی دەکرێت و گوتی:
"کاتێک جامی جیهانی کۆتایی دێت، زلهێزەکان دەگەڕێنەوە سەر مێزی واقیعیەت نەک گۆڕەپانی جەنگ. شەڕی ڕاستەوخۆ ڕونادات چونکە تێچووی سەرکەوتن تێیدا یەکسانە بە شکست بۆ هەردوولا."
ئەو چاودێرە پێشبینی دەکات ئەوەی لە دوای جامی جیهانی دەبینرێت، تەنیا توندبوونەوەی ململانێی هەواڵگری، سێبەر، و شەڕی سارد بێت، چونکە عەقڵیەتی سیاسی لە واشنتۆن و تاران باش دەزانێت کە پاراستنی دۆخی (نە جەنگ و نە ئاشتی) باشترین بژاردەیە بۆ مانەوەی هەردوولا لەناو هاوکێشەکەدا.