جام کوردی – دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر باشووری لوبنان و فراوانبوونی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبوون و ژێرخانەکانی بەیروت و پێشێلکردنی ئاگربەست، گرژییەکانیان گەیاندۆتە ئاستێکی نوێ؛ بە شێوەیەک کە کردەوە شەڕانگێزەکانی تەلئەبیب سەرەڕای هۆشدارییەکان، بۆتە هۆی بەرپەرچدانەوە لەلایەن ئێرانەوە و زیادبوونی ئاستی ململانێکان لە ناوچەکەدا.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان، هێرشە مووشەکییەکان و کاردانەوە و بەرپەرچدانەوە لە دوای زنجیرەیەک هێرش و دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و گەڕەکی زاحیەی بەیروت ئەنجام دراون؛ هێرشەکان کە سەرەڕای ڕێککەوتنی لەرزۆکی ئاگربەست بەردەوام بوون و بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە بەرە جیاوازەکاندا. لەو چوارچێوەیەدا، ڕژێمی ئیسرائیل دۆخی ئامادەباشی و هۆشداری ناوخۆیی ڕاگەیاندووە، هۆشداری لە ئەگەری تەشەنەسەندنی ململانێکان دەدات؛ لە کاتێکدا بەرپرسانی تەلئەبیب لە ترس و دڵەڕاوکێدان.
فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا شەوی یەکشەممە (١٧ی حوزەیران) ڕایگەیاند: پێشتر هۆشداریمان دابوو کە ئەگەر تاوانەکە لە گەڕەکی زاحیەی بەیروت فراوانتر بێت، هێرش دەکەینە سەر ئامانجەکانی ناوچە داگیرکراوەکان. لە درێژەدا هاتووە: سوپای زایۆنیستی دەبێ هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان و گەڕەکی زاحیە ڕابگرێت و ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچەیە فراوانتر بکات یان وەڵامی کردەوەکانی ئێران بداتەوە، ڕووبەڕووی گورزی کەمەرشکێن و پەشیمانکەرەوە دەبێتەوە و هێرشی وێرانکەر دژی ڕێژیمی زایۆنی و لایەنگرانی دەست پێدەکات.
سیاسەتە شەڕانگێزی و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕژێمی ئیسرائیل لە میدیاکانی ئەمریکادا، لەگەڵ ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان تاران و واشنتۆن، دەنگی داوەتەوە.
ئەسۆشێتد پرێس: هێرشەکانی ئێران لە چوارچێوەی هۆشداریدان لە بەردەوامی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل
ئاژانسی هەواڵی ئەمریکی ئەسۆشێتد پرێس لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل نووسیویەتی، ئێران لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، "لەو کاتەوەی ئاگربەستێکی ناسک لە سەرەتای مانگی نیسانەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە؛ هەنگاوێک کە ئەگەری گەڕانەوە بۆ شەڕی قورس بەرز دەکاتەوە و هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئاڵۆزتر دەکات."
میدیا ئەمریکییەکە ڕاشیگەیاند: میدیای دەوڵەتی تاران هێرشەکانیان پشتڕاستکردەوە و ئێرانیش ئاسمانی ڕۆژئاوای وڵاتەکەی داخست وەک ئامادەکارییەک بۆ وەڵامدانەوەی ئەگەری. ئەسۆشێتد پرێس زیادی کرد: تاران هۆشداری دابوو لە تۆڵەسەندنەوە دوای ئەوەی ئیسرائیل سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە گەڕەکی باشووری بەیرووتی کردە ئامانج، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
ئاماژەی بەوەش داوە: ئیسرائیل ڕایگەیاند کە حیزبوڵڵای لوبنانی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، پێشتر لەو ڕۆژەدا تەقەی لە باکووری ئیسرائیل کردووە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بە هێرشەکانی لوبنان و هەروەها بۆ سەر کەناراوەکانی ئێران و کەشتیەکانی ئێران لە دەوروبەری گەرووی هورمز کرد و ڕایگەیاند: “ئەگەر ئەم کردەوە شەڕانگێزانە دووبارە بکرێنەوە، وەڵامدانەوەکان بەرفراوانتر دەبن و هەموو ئامانجە ئەمریکی و زایۆنیستەکان لە سەرتاسەری ناوچەکە دەگرێتەوە”.
ئەسۆشێتد پرێس لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاند: زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند شوێنێکی ئیسرائیل لێیدرا و بە ملیۆنان کەس ناچار بوون پەنا بگرن. سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، ڕێگرییان لە مووشەکەکان کردووە و چەند تەقینەوەیەک لە ناوچەکانی باکوور بیستراوە. میدیا ئەمریکییەکە زیادی کرد: ئێران پێشتر هۆشداری دابوو کە بە هێرشکردنە سەر بەیروت شەڕێکی تەواو لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستپێدەکات؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە پاکستان و ناوبژیوانانی دیکە هەوڵدەدەن دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دەستپێبکەنەوە. ئێران دەڵێت هەر ڕێککەوتنێک دەبێت کۆتایی هێنان بە شەڕەکانی لوبنانیش لەخۆ بگرێت.
دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەیەوێت ئێران واز لە هاویشتنی مووشەک بهێنێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان. سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێرشەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای یەکشەممەدا لەگەڵ ئەمریکادا هەماهەنگ نەبوون و “من بەو شتە دڵخۆش نیم”. ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە بەنیازە ناوچەکانی باشووری پایتەختی لوبنان بکاتە ئامانج، بەڵام دانوستانی بەپەلە لە ڕێگەی واشنتۆنەوە ئەو هەنگاوەی ڕاگرت.
بەرپرسانی پاکستان ڕایانگەیاند کە ئیسلام ئاباد بە پاڵپشتی وڵاتانی ناوچەکە لەوانە قەتەر و تورکیا و میسر لە هەوڵی کەمکردنەوەی ناکۆکی و یارمەتیدان لە نزیککردنەوەی دیدگاکان. لە قاهیرە، وەزیرانی دەرەوەی میسر و قەتەر باسیان لە "خاڵە پێشنیار کراوەکان"ی ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد. وەزارەتی دەرەوەی میسر بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، ئەمەی ڕاگەیاند.
ئەسۆشێتد پرێس ڕایگەیاند: هەروەها دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتاکانی لە بەریتانیا، میسر و تورکیا و هەروەها لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاکستان قسەی کرد؛ بابەتێک کە لەلایەن تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە.
ئێن بی سی نیوز: واشنتۆن بانگەشەی ئەوەی کرد دەستوەردانی نەکردووە
کەناڵی ئێن بی سی نیوز لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و وەڵامی ئێران ڕایگەیاند: ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئێران ڕۆژی یەکشەممە چەند شەپۆلێکی مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل گەڕەکی باشووری بەیروتیان کردە ئامانج لە کاردانەوە بە هێرشە گوماناوییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕووداوێک کە دەتوانێت هەڕەشە لە داڕمانی ئاگربەستێکی درێژخایەنی ئەم دواییە بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئێن بی سی نیوز، ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەو مووشەکانەی لە ئێرانەوە هەڵدراون دەستنیشان کردووە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی خۆی چالاک کردووە بۆ ئەوەی بەرپەرچیان بداتەوە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئێن بی سی نیوزی ڕاگەیاندووە، سوپای ئەمریکا چاودێری دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕێ نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ بەرپەرچدانەوەی شەپۆلی موشەکی ئێرانی نەگرتووەتەبەر. کەناڵی ئێن بی سی نیوز ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ئەمریکا پاڵ بە ئێرانەوە دەنێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر گوشاری ئەمەریکادا بووە، ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانی ئابووری جیهانی و مەترسیی برسێتی لە هەندێک لە وڵاتانی هەژار هەیە.
ئەو تۆڕە تەلەفزیۆنییە ئەمریکییە ڕایگەیاندووە کە توندترین شەڕ بە ئاگربەستی سەرەتایی لە ٨ی نیسان کۆتایی هاتووە، بەڵام تا ئێستا لایەنەکان نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتن لەسەر کۆتایی درێژخایەنی شەڕەکە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە هەردوولا کرد کە خۆیان لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان بەدوور بگرن و بەردەوام بن لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.
دوای هێرشەکان، ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بکات، بانگەشەی ئەوەی کرد کە مووشەکەکانی ئێران "بەدڵنیاییەوە یارمەتیدەری دانوستانەکان نابن" و داوای لە ئێران کرد بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆکان.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ فۆکس نیوز وتی "ئێوە مووشەکەکانتان هاویشت، ئەوە بەسە، بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان و ڕێککەوتنێک بکەن".
سی ئێن ئێن؛ زیاتربوونی گرژییەکان پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت و وەڵامی توندی ئێران
تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ دەستدرێژیی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ڕایگەیاند ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە مووشەکی بالیستیکی لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کراوە. "ڕووداوێک کە پێدەچێت یەکەم ڕووداو بێت لە سەرەتای مانگی نیسانەوە. سوپای ئەمریکا هۆشداریی بۆ دانیشتوانی باکووری ئیسرائیل دەرکرد سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکان."
سی ئێن ئێن ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتادا ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوو مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کراوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، سوپای ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی "شەپۆلی زیاتری هێرشی مووشەکی" ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.
سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وەڵامدا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کابینەکەی بانگهێشت کردووە.
ئەو تۆڕە تەلەفزیۆنییە ئەمریکییە زیادی کرد: هەفتەی ڕابردوو ئێران هۆشداری دابوو کە ئەگەر ئیسرائیل بەیروت بکاتە ئامانج، وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە.
هەروەها ئیسرائیل پێشتر ڕۆژی یەکشەممە پایتەختی لوبنانی کردبووە ئامانج لە کاردانەوە بە هێرشی حیزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیل.
سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەش دا: ئیسڕائیل ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە سەرجەم قوتابخانەکانی سەرتاسەری وڵات دادەخرێن، دوای ئەوەی ڕێگری لە مووشەکەکانی بالیستیکی کرد کە لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە دەکران.
هەروەها فەرمانی بە هاووڵاتیان کردووە لە نزیک پەناگە بمێننەوە و هەر ڕێنماییەکی دیکەی دەسەڵاتداران جێبەجێ بکەن، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری پەرەسەندنی جددی دوژمنایەتییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران.
فۆکس نیوز: ئێران هێرشەکانی خۆی بە "هۆشداری" وەسف کرد
فۆکس نیوز هەروەها سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل و وەڵامی ئێران وتی: ئێران دەڵێت هێرشەکانی سەر ئیسرائیل "هۆشداری" بووە.
کەناڵی فۆکس نیوز لە زاری ڕۆیتەرزەوە بڵاویکردەوە، سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ئیسرائیل "هۆشدارییە". ئێران هەڕەشەی کردوە کە ئەگەر ئەو کارە دووبارە بکاتەوە کە بە "کردەوەی شەڕانگێزی" ناوی بردووە، وەڵامدانەوەی بەرفراوانتر لە دژی ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەستپێدەکات.
فۆکس نیوز ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هەڕەشەی دەستبەجێی هێرشە موشەکییەکان کۆتایی هاتووە و داوای لە خەڵک کردووە فەرمانەکان جێبەجێ بکەن.
پۆلیتیکۆ: ئێران هۆشداریی بە ئیسرائیل دابوو
هەروەها پۆلیتکۆ بڵاوی کردەوە ، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سه ڕ بەیرووت تەنها چەند ڕۆژێک دوای ڕێککەوتنی ئاگربەست له نێوان لوبنان و ئیسرائیل له دانوستانەکاندا بوو که ئه مریکا میوانداریی کردبوو.
میدیا ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، تاران هۆشداریی داوە لە تۆڵەسەندنەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە بەبێ ئاگادارکردنەوە هێرشی کردە سەر گەڕەکی باشووری بەیروت، هێرشێک کە سەرپێچی لە داواکاری واشنتۆن کرد بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان چەند ڕۆژێک پێشتر.
ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێرشەکە لە وەڵامی تەقەی حزبوڵڵا بۆ باکووری ئیسرائیل لە هەمان ڕۆژدا ئەنجام دراوە. پۆلیتیکۆ لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کردووە هەموو ئەو مووشەکانەی ئێران ئاراستەی کردووە، بەرپەرچ دراونەتەوە، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە "سیستەمی بەرگری بە تەواوی نەتوانێت کارا بێت" و لە چەند ناوچەیەکی تەلئەبیب ئاگادارکەرەوە لێدراوە. چەند تەقینەوەیەک لە باکوری ئیسرائیل بیسترا، بەڵام تا ئێستا حزبوڵای لوبنان وەڵامی نەداوەتەوە.
میدیا ئەمریکییەکە ڕاشیگەیاند: ئێران هۆشداری دابوو کە هێرشکردنە سەر بەیروت دەکرێت شەڕێکی تەواو لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵگیرسێنێت، لە کاتێکدا پاکستان هەوڵدەدات گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن دەستپێبکاتەوە.
ئێران دەیەوێت هەر ڕێککەوتنێک کۆتایی هاتنی شەڕی لوبنان لەخۆ بگرێت.
پۆلیتیکۆ ئاماژەی بەوەشدا کە ماوەیەکی کەم پێش تەقاندنی مووشەکەکان، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئیدیعای کرد: “هێزەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئامادەباشییەکی بەرز و تەواودان”.
پەیامنێرانی ئەسۆشێتد پرێس هەواڵی بیستنی تەقینەوەیەکی بەرزیان لە ئاسمانی سەر دیمەشقدا بڵاوکردەوە. میدیاکانی دەوڵەتی سوریا ڕایانگەیاندووە، ئەو دەنگانە بەهۆی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیلەوە بووە.
نیویۆرک تایمز: ناتانیاهۆ لەژێر فشاری ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان
هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و وەڵامی ئێران نووسیویەتی: ئێران درەنگانی یەکشەممە بە تەقاندنی ژمارەیەکی سنووردار لە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل؛ ئەم کارە لە وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر جەرگەی بەیروت ئەنجامدرا.
نیویۆرک تایمز بە ئاماژەدان بەوەی کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە دوای ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران زیادی کردووە، ڕایگەیاند: سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە هێرشە مووشەکییەکان لە کاردانەوە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا ئەنجام دراون. سپای پاسدارانجەختی لەوە کردووەتەوە کە قبوڵکردنی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بە مەرجی ئاگربەست لە هەموو بەرەکاندا بووە.
سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی ئەمشەو هۆشدارییەک بوو و ئەگەر دەستدرێژیەکان دووبارە بکرێنەوە، وەڵامەکان بەرفراوانتر دەبن. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل دەستبەجێ وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی نەدایەوە، بەڵام وتەبێژێکی سوپای ڕژیم بانگەشەی کرد کە ئێران لە کاردانەوە بە کردەوەی ئیسرائیل لە لوبنان “هەوڵ دەدات هاوکێشەیەکی نوێ دروست بکات بە هێرشی ڕاستەوخۆی خاکەکەمان و ئێمە ڕێگە بەو کارە نادەین.”
میدیا ئەمریکییەکە ڕاشیگەیاند: لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکانی لوبنان لە مانگی ئازارەوە زیاتر لە سێ هەزار و ٦٠٠ کەس کوژراون و سەدان کەسی دیکەش لە دوای ئاگربەستەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەش دا: بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە پێش هەڵبژاردنەکان ڕووبەڕووی دابەزینی ئاستی جەماوەری دەبێتەوە، لەژێر فشاری سیاسی توندی دانیشتوانی باکووری ئیسرائیلدایە. ناتانیاهۆ لەژێر گوشاری دۆناڵد ترەمپیشدایە بۆ ئەوەی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە لوبنان بەدوور بگرێت، ئەمەش دەتوانێت دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بخاتە مەترسییەوە.